ئەکسیۆس: ئەمریکا و بەریتانیا هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی دژی ئێران پێکدەهێنن و واشنتن پلانی کشانەوە لە جەنگ دادەنێت


وێستگەنیوز ـ

پێگەی ئەکسیۆس ئاشکرای کردووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا کار بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی فراوان دەکەن بۆ پاراستنی هێڵەکانی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، ئەوەش وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ کشانەوەی واشنتن لە جەنگی ئێران.


ئەمرۆ هەینی 24ـی تەمووزی 2024 پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی ئاستباڵا لە شاری لەندەن بەڕێوەبچێت.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی بەرگری و سەرکردە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا و ناوچەکە بەشدار دەبن، لەوانەش پیت هێگسێت وەزیری بەرگری ئەمریکا و دانیال کەین سوپاسالاری ئەو وڵاتە.

ئامانجی سەرەکی واشنتن لەم هەنگاوەدا، داواکردنە لە وڵاتانی هاوپەیمان بۆ ڕەوانەکردنی کەشتیی جەنگی، کەشتیی دژە مین و درۆن بۆ ناوچەکە، بە مەبەستی پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و جێگیرکردنی بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا.

ئەم هاوپەیمانییە وەک ستراتیژێکی ئەمریکا دەبینرێت بۆ ئەوەی ئەرکی پاراستنی ناوچەکە دابەشی سەر هاوپەیمانەکانی بکات و کۆتایی بە جەنگەکەی لەگەڵ ئێران بهێنێت.

ئەم دەستپێشخەرییە لە کاتێکدایە، لە ماوەی 4 ڕۆژی ڕابردوودا هیچ هێرشێکی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان تۆمار نەکراوە، ئەوەش دوای 2 هەفتە لە بۆردوومانی بەردەوامی بنکەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە ناوخۆی واشنتن بۆچوونی جیاواز هەیە؛ بەشێک لە بەرپرسان پێیان وایە توانای سەربازی ئێران لە گەرووی هورمز تێکشکێندراوە، بەڵام بەشەکەی دیکە هۆشداری دەدەن کە هێشتا مەترسی هێرشەکانی تاران بەردەوامە.



PM:08:14:24/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو