لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نوێدا؛ سوپای لوبنان بە فەرمی گەڕایەوە بۆ ناوچەکانی باکووری رووباری لیتانی
وێستگەنیوز-
لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، هێزەکانی سوپای لوبنان دەستیان بە بڵاوبوونەوە لە شارۆچکەی زۆتەری رۆژئاوا لە قەزای نەبتیە لە باشووری وڵات کرد.
ئەم جووڵەیەی سوپای لوبنان دوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل دێت لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی قۆناغی 1ی پڕۆژەی "ناوچە تاقیکارییەکان" کە بە چاودێری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێککەوتنی لەسەر کراوە، ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک دانوستانی دیپلۆماسی و کۆبوونەوە لە وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ دێت، بە ئامانجی جێگیرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
شارۆچکەی زۆتەری رۆژئاوا کە دەکەوێتە باکووری رووباری لیتانی، لە ئێستادا لەژێر کۆنترۆڵی سوپای لوبناندایە و هێزێکی زۆری سەربازی و ئامێری جەنگی بۆ رەوانە کراوە، هاوکات تیمەکانی ئەندازیاریی سوپا دەستیان کردووە بە پشکنین و لادانی ئەو مین و تەقەمەنییانەی کە لە ناوچەکەدا بەجێماون.
سوپای لوبنان لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا داوای لە هاووڵاتییان کردووە، لەبەر سەلامەتی گیانی خۆیان، لە ئێستادا روو لە شارۆچکەکە نەکەن و چاوەڕێ بکەن تاوەکو بارودۆخی ئەمنی بە تەواوی جێگیر دەبێت، هەروەها جەختی کردووەتەوە کە پێویستە هەمووان پابەندی رێنماییەکانی ئەو یەکە سەربازییانە بن کە لە ناوچەکەدا جێگیر کراون.
ئەم بڵاوبوونەوەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ گرووپی هەماهەنگی سەربازی تایبەت بە لوبنان ئەنجام دەدرێت و وەک یەکەمین قۆناغی گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ ناوچەکانی باشوور هەژمار دەکرێت.
AM:11:25:21/07/2026
ئهم بابهته 244
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت