حوسییەکان گەرووی باب المندب بەڕووی سعودیەدا دادەخەن و هەڕەشەی لێدانی کێڵگە نەوتییەکان دەکەن
وێستگە نیوز -
گرووپی ئەنسارولڵای حوسییەکان لە یەمەن، وەک وەڵامێک بۆ گەمارۆکانی هاوپەیمانێتی عەرەبی، بڕیاری جێبەجێکردنی گەمارۆیەکی دەریایی توندی بەسەر کەشتییەکانی سعودیەدا ڕاگەیاند و هۆشداری دەدات کە هەر پەرەسەندنێکی سەربازی لەلایەن ڕیازەوە بە وەڵامێکی قورس و بێوێنە ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەمووزی 2026، یەحیا سریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، بڕیاری قەدەغەکردنی هاتووچۆی دەریایی بۆ کەشتییەکانی سعودیە لە گەرووی ستراتیژیی "باب المندب" لە ساتەوەختی ڕاگەیاندنییەوە چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاشکراشی کرد ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هاوکێشەیەکی نوێدایە بەناوی "گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆ" و جەختی کردەوە لەوەی هێزەکانیان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ هەموو بژاردەکان دژی هەر هەوڵێکی سعودیە بۆ توندکردنی فشارەکان.
ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارە دوای ئەوە هات گرژییەکانی نێوان تاران و ڕیاز لە ناوخۆی یەمەن گەیشتە لوتکە، بەتایبەت دوای ئەوەی کۆمپانیای (ماهان ئێر)ی ئێرانی لە سەرەتای ئەم مانگەدا دوو گەشتی ئاسمانی بۆ فڕۆکەخانەکانی سەنعا و حودەیدە ئەنجامدا، بەڵام لەلایەن وەزارەتی بەرگریی یەمەنەوە ڕێگرییان لێکرا و ڕێڕەوی نیشتنەوەی فڕۆکەخانەی سەنعا بۆردومان کرا.
حوسییەکانیش وەک تۆڵەکردنەوە، بە چەندین مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی "ئەبها" لە ناوخۆی سعودیە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن هەڵوێستی نیشاندا و ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن هیچ فڕۆکەیەکی بیانی یان گەشتێکی ئاسمانی بەبێ ڕەزامەندی فەرمی حکومەت بێتە ناو خاکی وڵاتەکەیانەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە حوسییەکان هەڕەشەی لێدانی دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە دەکەن و ئامادەکاری بۆ هێرشی گەورە لە بەرەکانی جەنگدا دەکەن.
PM:06:34:20/07/2026
ئهم بابهته 448
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت