بەقایی: دیپلۆماسی و بەرگری تەواوکەری یەکترن و مافی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمزمان هەیە
وێستگە نیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە دیپلۆماسی و بەرگری دوو باڵی بەهێز و تەواوکەری یەکترن لە سیستمی فەرمانڕەوایەتیدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتەکەی.
بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵدان بۆ دروستکردنی جیاوازی و بەرەوڕووبوونەوە لە نێوان دیپلۆماسی و بەرگریدا کارێکی نالۆژیکییە، چونکە هەردوو رێگەکە بەرەو یەک ئامانج دەچن، وتیشی: "هەروەک چۆن هێزە چەکدارەکان لە مەیدانی بەرگریدان، دیپلۆماتەکانیش ئەرکدارن لە مەیدانی دانوستاندا پاسەوانی لە مافەکانی وڵات بکەن و رووبەڕووی فشار و فێڵبازییەکانی دوژمن ببنەوە".
سەبارەت بە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە روونی کردەوە کە کشانەوەی دوژمن لە رێککەوتنەکان نیشانەی غافڵبوونی ئێران نییە، بەڵکو بەهۆی ئەوە بووە کە نەیانتوانیوە ئەو بەڵگەنامانە تێکبدەن کە بەرژەوەندییەکانی ئێرانی تێدا پارێزراوە، جەختیشی کردەوە کە دەبێت پشتگیرییەکی تەواو لە دیپلۆماتەکان بکرێت وەک چۆن پشتگیری لە جەنگاوەرانی مەیدانی جەنگ دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەقایی باسی لە مافەکانی ئێران لە گەرووی هورمز کرد و وتی: "بەندی 5ی یاداشتنامەی لێکگەییشتن کە 14 بەندە و زۆر راشکاوە، مافی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمزی بە ئێرانی سپاردووە و پێویستە ئەم کارە بە راوێژ لەگەڵ عومان و گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بێت". ئاماژەی بەوەش دا کە دەقی ئەم بەڵگەنامەیە هیچ تەمومژێکی تێدا نییە و دەرفەتی بۆ لایەنی ئەمریکی نەهێشتووەتەوە تا لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکەن.
سەبارەت بە کاروباری وەرزشی، ئیسماعیل بەقایی مۆندیالی ئەمساڵی بە "سیاسیترین رووداوی وەرزشی" ناوزەند کرد و ئاشکرای کرد کە دیپلۆماتێکی پێشووی ئەرژەنتین لە نامەیەکدا بۆی نووسیوە، هۆکاری دۆڕانی تیمەکەیان بۆ پشتگیریکردنی ئەو لایەنانە دەگەڕێتەوە کە "دەستیان بە خوێنی خەڵکی بێتاوان سوورە" و هەر ئەم وزە نەرێنییەش بووەتە هۆی شکستی ئەرژەنتین.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە جەختی لەوە کردەوە کە دووانەی "دانوستان یان جەنگ" بۆ ئێران سوودبەخش نییە، چونکە دیپلۆماسی و بەرگری پێکەوە دەگونجێن و رەتکەرەوەی یەکتر نین.
AM:11:41:20/07/2026
ئهم بابهته 296
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت