ئەمریکا ناوخۆی ئێران و ئێران بنکەکانی کوەیتی بۆردومان کرد
وێستگەنیوز-
دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر چەندین پارێزگا و بنکەی ستراتیژی لە ناو خاکی ئێراندا، تاران وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و بنکەکانی ئەمریکای لە کوەیت کردە ئامانج.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تەمووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، کاتژمێر 6ی ئێوارە (بە کاتی رۆژهەڵات)، قۆناغێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردوو، . هێرشەکان بنکەکانی چاودێریی دەریایی، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، کۆگاکانی مووشەک و درۆن، و بنکەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانیان پێکاوە.
بەپێی زانیارییەکان، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شارەکانی سیریک، بەندەری عەباس، بەندەری لێنگە و پارێزگای خوزستان بیستراوە، واشنتۆن ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنە، لاوازکردنی تواناکانی ئێرانە بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە گەرووی هورمز و سزادانی تارانە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
ئەم هەنگاوە سەربازییەی ئەمریکا وەک وەڵامێکی دەستبەجێ دێت بۆ ئەو هێرشەی شەوی شەممە کرایە سەر بنکەی ئاسمانیی مەلیک فەیسەڵ لە وڵاتی ئوردن، لەو هێرشەدا کە بە مووشەکی بالیستی و درۆن ئەنجامدرا، 2 سەربازی ئەمریکی کوژران، 1 سەرباز بێسەروشوێن بوو و 4ی دیکەش بریندار بوون، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە یەکێک لە مووشەکەکان سیستەمی بەرگریی تێپەڕاندووە و راستەوخۆ لە شوێنی حەوانەی سەربازەکانی داوە.
لای خۆیەوە سوپای ئێران رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا، لە رێگەی درۆنی خۆکوژییەوە 2 بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لە خاکی کوەیت کردووەتە ئامانج، هێرشەکان بنکەی "ئەدەیرع"یان لە بیابانی باکووری رۆژئاوای کوەیت و بنکەی ئاسمانیی "عەلی سالم"یان پێکاوە، کە تێیدا سیستەمی راداری پاتریۆت و چاودێریی ئاسمانی کراونەتە ئامانج.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێدا کوژرانی سەربازەکانی وڵاتەکەی بە "رووداوێکی دڵتەزێن" ناوبرد و جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتی ئەو لەم جەنگەدا ئەوەیە کە "هەرگیز رێگە نەدات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی"، ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە پابەندنەبوونی ئێران بە رێککەوتننامە ئەمنییەکان بۆ ئەو هیچ بایەخێکی نییە و سوورە لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی.
ئەم پێکدادانە توندانە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکەدا لەوپەڕی ئامادەباشیدان، جەنگی نێوان هەردوولا کە لە 28ی شوباتی ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە، پاش رێککەوتنێکی کاتی لە 17ی حوزەیران کەمێک هێور ببووەوە، بەڵام لە 7ی تەممووزەوە و دوای هێرشەکانی سەر گەرووی هورمز، رێککەوتنەکە بە تەواوی هەرەسی هێنا و ئێستا هەردوولا لە جەنگێکی کراوەدان.
لە بەرامبەردا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمریکا بە پێشێلکردنی سەرجەم بەڵێنەکانی ناو "تێگەیشتنامەی ئیسلام ئاباد" تۆمەتبار دەکات و دەڵێت ئێستا تەنها خەریکی بەرگریکردنن لە خاکەکەیان.
AM:09:10:19/07/2026
ئهم بابهته 292
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت