ئەمریکا رێگە بە سعودییە دەدات یۆرانیۆم بپیتێنێت


وێستگەنیوز-

بەڵگەنامە و زانیارییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئیدارەی واشنتۆن بە شێوەیەکی سەرەتایی رەزامەندی دەربڕیوە بۆ ئەوەی شانشینی عەرەبستانی سعودییە یۆرانیۆم بپیتێنێت، ئەمەش وەک بەشێک لە بەرنامە ئەتۆمییە مەدەنییەکەی ئەو وڵاتە، بەڵام بێ ئەوەی پابەندی ئەو گرەنتییە توندە نێودەوڵەتییانە بێت کە رێگری لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەکەن.


بەپێی زانیارییەکان، رەشنووسی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە کە پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ریاز مسۆگەر دەکات، لە تشرینی یەکەمی 2025دا دانوستانەکانی کۆتایی هاتووە، بەڵام تا ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی نەکردووە، دواکەوتنی واژۆی سەرۆکیش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە؛ یەکەمیان پەیوەندی بەو جەنگە ساردەوە هەیە کە لەگەڵ ئێراندا لە ئارادایە، دووەمیشیان ترسی ئیدارەی ترەمپە لەوەی کۆنگرێس بە توندی دژی رێککەوتنەکە بوەستێتەوە و رەتی بکاتەوە.

شارەزایانی بواری ئەتۆمی هۆشداری دەدەن کە رێگەدان بە پیتاندنی یۆرانیۆم بەبێ چاودێرییەکی توند، دەرفەت بۆ سعودییە دەکاتەوە لە داهاتوودا ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، پێشتریش محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعودییە رایگەیاندبوو ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی، ئەوانیش هەمان هەنگاو دەنێن.

رێککەوتنەکە کە بە "رێککەوتنامەی 123" ناسراوە، چوارچێوەیەکی یاساییە بۆ هاوکاریی ئەتۆمی ئاشتییانە، بەڵام خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە سعودییە پابەند نەکراوە بە "پرۆتۆکۆڵی زیادە"ی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، کە توندترین جۆری چاودێرییە، لە جیاتی ئەوە، تەنها رێککەوتنێکی دوولایەنە لە نێوان واشنتۆن و ریازدا دەبێت، ئەمەش بەلای چاودێرانی سیاسییەوە کارێکی "بێ وێنە"یە.

بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، ئەم رێککەوتنە رێگە بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکاتەوە بچنە ناو بازاڕی وزەی سعودییەوە کە قازانجێکی زۆری تێدایە، هەروەها رێگری دەکات لەوەی سعودییە پەنا بۆ وڵاتانی وەک رووسیا و چین ببات بۆ دابینکردنی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی.

لە بەرانبەردا، هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێس و پسپۆڕانی پڕچەککردن نیگەرانن و دەڵێن، رێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ ئیمارات لە ساڵی 2009دا "پێوەری زێڕین" بوو چونکە ئیمارات بەڵێنی دا یۆرانیۆم نەپیتێنێت، بەڵام پاشەکشەکردن لەو پێوەرە لەگەڵ سعودییەدا، رەنگە مەترسیی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دروست بکات و وڵاتانی دیکەش هان بدات هەمان داواکارییان هەبێت.


AM:08:45:19/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت