ترەمپ: بەهۆی هەوای ژەهراوییەوە باجی گومرگی لەسەر کەنەدا زیاد دەکەین
وێستگەنیوز-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رەخنەی توند ئاراستەی حکومەتی کەنەدا دەکات و بە بەرپرسیاری دەزانێت لەبەرامبەر ئەو هەوا ژەهراوی و پیسەی کە بەهۆی نەپاراستنی دارستانەکانەوە رووی لە ئەمریکا کردووە.
دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیال" پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، واشنتن کەنەدا بە بەرپرسیار دەزانێت، چونکە بە شێوەیەکی گونجاو دارستانەکانیان و دەوەنەکانی ناویان ناپارێزن، ئەمەش وای کردووە ئەمریکا بەبێ ویستی خۆی، رووبەڕووی هێرشی هەوایەکی پیس، ژەهراوی و ناتەندروست ببێتەوە کە کوالێتییەکەی مەترسیدارە.
ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەم دۆخە بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە و رایگەیاند: "لە ماوەی رۆژدا پەیوەندی بە سەرۆک وەزیرانی کەنەداوە دەکەم بۆ ئەوەی بزانم چی لەو بارەیەوە دەکەن، چونکە زیانە داراییەکان بێشومارن."
سەرۆکی ئەمریکا حکومەتی کەنەدای تۆمەتبار کرد بەوەی کە رەتیکردووەتەوە بەشداری بکات لە بەڕێوەبردنی سەرەتایی دارستانەکان و پاککردنەوەی پاشماوەکان، و ئەمەش بە "کەمتەرخەمییەکی بە ئەنقەست" ناوبرد کە ساڵانە ملیارەها دۆلار زیان بە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەگەیەنێت.
وەک سزایەک بۆ ئەو دۆخە، ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کرد، کە تێچووی ئەم پیسبوونە و ئەو زیانانەی بەر ئەمریکا کەوتوون، بە ناچاری دەخرێنە سەر ئەو باجە گومرگییانەی (تاریفانەی) کە کەنەدا لە ئێستادا بە ئەمریکای دەدات.
PM:10:48:17/07/2026
ئهم بابهته 116
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت