هاکان فیدان: پێویستە بە خێرایی بگەڕێینەوە سەر مێزی گفتوگۆ و جەنگ پەرە نەسێنێت


وێستگەنیوز-

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، جەختی لەسەر پێویستی راگرتنی دەستبەجێی پێکدادانەکان کردەوە و رایگەیاند، بەردەوامبوونی جەنگ بۆ ماوەی 5 ساڵ لە سەدەی 21دا لە ناو جەرگەی ئەوروپا، هیچ روونکردنەوەیەکی نییە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تەمووزی 2026، هاکان فیدان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا هەنگاوی جدی ناوە بۆ راگرتنی جەنگەکە، چونکە کۆتاییهاتنی ئەم ململانێیە لە بەرژەوەندی تەواوی جیهاندایە، وتیشی: "لە کاتێکدا ئێمە شاهیدی وێرانییەکانی جەنگین، بە بایەخیشەوە چاودێری خۆڕاگری گەلی ئۆکرانیا دەکەین و جارێکی تر پاڵپشتی تورکیا بۆ یەکپارچەیی خاک و سەروەری ئۆکرانیا دوپات دەکەینەوە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداری دا لە مەترسی بڵاوبوونەوەی ململانێکان و رایگەیاند، وڵاتەکەی نایەوێت جەنگەکە پەرەبسێنێت بۆ دەریای رەش، فیدان وتی: "بە ئامانجگرتنی بەندەرەکان، تانکەرەکان و بەلەمەکانی ماسیگرتن و خستنە مەترسی ژیانی مەدەنییەکان، کارێکی رێگەپێنەدراوە و پاساوی بۆ ناهێنرێتەوە، دەبێت ئارامی لە دەریای رەشدا بپارێزرێت".

سەبارەت بە پرسی کریمیا، هاکان فیدان جەختی کردەوە کە تاتارەکانی کریمیا بەشێکن لە جیهانی تورکی و ئەم پرسە نەک تەنها بۆ تورکیا، بەڵکو بۆ هەموو دەوڵەتە تورکییەکانیش بایەخێکی چارەنووسسازی هەیە، چ لە رووی سیاسەتی ناوخۆ و چ لە رووی سیاسەتی دەرەوە.

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، فیدان ئاماژەی بە سەرکەوتنی رێژەیی رێککەوتنی دانەوێڵە کرد کە 2 ساڵ لەمەوبەر ئەنجامدرا و رۆڵی هەبوو لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ جیهان و ئەفریقا، راشیگەیاند، تورکیا لە ماوەی داهاتوودا هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕتر دەکاتەوە و ئامادەیە جارێکی دیکە میوانداری گفتوگۆکانی نێوان هەردوو لایەنی شەڕ بکات بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام.


AM:11:30:16/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت