وەزیری جەنگی ئەمریکا بۆ عێراق: پێویستە ئەو گرووپانە چەک بکرێن کە هێرشمان دەکەنە سەر


وێستگەنیوز-

سەرۆک وەزیران و شاندێکی باڵای عێراق لە واشنتۆن لەگەڵ وەزیری جەنگی ئەمریکا کۆبوونەوە و تێیدا داهاتووی پەیوەندییە ئەمنی و سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان تاوتوێ کرا.


بەپێی راگەیەندراوی وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئێوارەی دوێنێ 15ی تەمووزی 2026، عەلی فالح زەیدی لە بارەگای وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لەگەڵ پێت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوەی گشتگیر بۆ پەیوەندییە ئەمنییەکان کرا و رێککەوتن لەسەر بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری و بەهێزکردنی تواناکانی سوپای عێراق لە بوارەکانی مەشق و پاراستنی ئاسمانیدا کرا.

لای خۆشییەوە، پێت هیگسێت وەزیری جەنگی ئەمریکا لە هەژماری خۆی ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ ئەوەی عێراق بە تەواوی سەروەریی خۆی بسەلمێنێت، پێویستە حکومەت ئەو گرووپە چەکدارانەی لایەنگری ئێران چەک بکات کە بەرپرسیار بوون لە ئەنجامدانی زیاتر لە 600 هێرش بۆ سەر کارمەندانی ئەمریکی لە بەهاری ئەمساڵدا.

لەبارەی شەڕی داعشەوە، وەزیری جەنگی ئەمریکا جەختی کردەوە کە چاوەڕوانن هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، سەرکردایەتیی پرۆسەکانی تێکشکاندنی یەکجاریی پاشماوەکانی داعش بگرنە دەست.

هەر لە دوای کۆبوونەوەکە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ دیاریکردنی شێوازی نوێی پەیوەندییە سەربازییەکان لەگەڵ ئەمریکا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە 30ی ئەیلولی داهاتوودا ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بە تەواوی کۆتایی پێبێت و پەیوەندییەکان بچنە قۆناغێکی نوێی دووقۆڵییەوە کە تێیدا پاراستنی سەروەریی عێراق لە پێشینەی کارەکان دەبێت.


AM:11:18:15/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 56 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت