وتەبێژی سوپای ئێران: بە هیچ شێوەیەک لە گەرووی هورمز پاشەکشە ناکەین و تۆڵەی خامنەیی دەکەینەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 14ی تەمووزی 2026، وتەبێژی سوپای ئێران، عەمید محەمەد ئەکرەمی نیا، هەڵوێستی توندی وڵاتەکەی دەربارەی گەرووی هورمز راگەیاند و جەختی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانیان بە هیچ شێوەیەک لەو پرسەدا پاشەکشە ناکەن.


ئەکرەمی نیا ئاماژەی بەوە کرد، "گەرووی هورمز بە جەنگ، جووڵە شەڕانگێزییەکان و دەستدرێژییەکانی ئەمریکا ناکرێتەوە"، راشیگەیاند کە تاقە رێگە بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووەکە، رێزگرتنە لە مافەکانی نەتەوەی ئێران و ملکەچبوونی واشنتۆنە بۆ ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنی کۆتایی جەنگ لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

وتەبێژی سوپای ئێران، ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە کاتێکدا رێککارە ئێرانییەکانیان لەسەر گەرووی هورمز قبوڵ کردبوو، بەڵام بە "فێڵبازی" بەدوای دروستکردنی رێڕەوێکی نوێدا دەگەڕان، وتیشی: "هێزە چەکدارەکانمان بە قەدەر سەرە دەرزییەک لە پرسی گەرووی هورمز کورت نایەنن".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وتەبێژی سوپای ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان پابەندن بە تۆڵەکردنەوەی خوێنی شەهیدەکانیان، بەتایبەتی رێبەری باڵای کۆچکردووی وڵاتەکەیان عەلی خامنەیی.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە ئاڵۆزییەکان لە ناوچە و رێڕەوە ئاوییەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز و تاران جەخت لە پاراستنی سەروەریی خۆی لە گەرووی ستراتیژیی هورمز دەکاتەوە.


PM:01:24:14/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت