وردەکاری نوێ دەربارەی پیلانی تیرۆرکردنی ترەمپ
وێستگەنیوز-
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بوونی پلانێکی ئێران بۆ تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زانیاری نوێ دەربارەی سەرچاوەی هەواڵەکە و کاردانەوەکانی سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرا دەکرێن، کە تێیدا ناوی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) وەک سەرچاوەی سەرەکی دێت.
یەکەمجار میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوە کرد کە "دەزگایەکی هەواڵگری رۆژئاوایی" هۆشداری داوەتە واشنتۆن، بەڵام مایک هەکەبی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە کە "مۆساد" ئەو لایەنە بووە کە زانیارییەکانی داوە، بەپێی زانیارییەکان، پلانەکە زۆر ورد بووە و ئامانج لێی لێدانی ترەمپ بووە لە کاتی بەشداریکردنی لە لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا.
دۆناڵد ترەمپ ئەم هۆشدارییەی بە جدی وەرگرتووە، لە هەنگاوێکی کتوپڕدا فڕۆکەی گەڕانەوەی خۆی گۆڕی و لەبری ئەو فڕۆکەیەی کە قەتەر پێشکەشی کردبوو، بە فڕۆکەی فەرمیی سەرۆکایەتی (Air Force One) گەڕایەوە ئەمریکا، ترەمپ رایگەیاند: "ئەوان دەیانەوێت من بڕوخێنن، ئەم بەیانییە بینیم ناوم لە هەموو لیستەکاندایە"، هەر لەو کاتەدا هۆشداری دایە تاران کە ئەگەر هەر زیانێکی پێ بگات، سوپای ئەمریکا ئێران وێران دەکات.
لەو کاتەی ئەم زانیارییانە گەیشتنە ئەمریکا، ئێران سەرقاڵی مەراسیمی بەخاکسپاردنی 6 رۆژەی عەلی خامنەیی بوو، هەر بۆیە کەس لە تاران نەبوو لێدوانی فەرمی بدات و تۆمەتەکان رەت بکاتەوە، ئەم بێدەنگییە لە واشنتۆن وەک پشتڕاستکردنەوەی پلانەکە لێکدرایەوە، هاوکات دەسەڵاتدارانی تورکیا بە بێدەنگی لە ئەنقەرە لێکۆڵینەوەیان ئەنجامدا، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی کۆنکرێتییان دەستنەکەوت کە پلانەکە پشتڕاست بکاتەوە.
یەحیا بۆستان، رۆژنامەنووسی تورک لە وتارێکدا لە رۆژنامەی "یەنی شەفەک" ئاماژە بەوە دەکات کە ناتانیاهۆ زۆر دەترسێت ترەمپ رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکات، هەر بۆیە ئەم "پیلانە" لە کاتێکی گونجاودا هات بۆ ئەوەی ترەمپ هێرشەکان دەستپێ بکاتەوە و دەنگی نەیارانی جەنگ لە ناوخۆی ئەمریکا بێدەنگ بکات، بۆستان وتارەکەی بەم پرسیارە کۆتایی پێدەهێنێت: "ئایا بە راستی ئەو زانیارییە لە مۆسادەوە هاتبوو یان تەنها شانۆگەرییەک بوو بۆ ئاراستەکردنی ترەمپ؟"
PM:01:05:14/07/2026
ئهم بابهته 396
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت