دوای بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی سەنعا، ئاگربەست لە یەمەن هەرەس دەهێنێت
وێستگەنیوز-
وەزارەتی بەرگریی یەمەن رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی کە بە نایاسایی چوووەتە ناو ئاسمانی وڵاتەکەیان، رێڕەوی فڕۆکەخانەی سەنعایان کردووەتە ئامانج، لە بەرامبەریشدا حوسییەکان هەڕەشەی کۆتاییهاتنی ئاگربەست دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تەمووزی 2026، وەزارەتی بەرگریی یەمەن رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانیان رێڕەوی فڕۆکەخانەی سەنعایان (کە لەژێر دەستی حوسییەکاندایە) کردووەتە ئامانج، ئەمەش دوای ئەوە هات کە فەریق روکن تاهیر ئەلعوقەیلی، وەزیری بەرگری هۆشداری دابوو کە ئارامیی حکومەت بەرامبەر پێشێلکارییەکانی ئێران کۆتایی هاتووە و بە هەموو ئامرازێک رووبەڕووی فڕۆکە دوژمنکارەکان دەبنەوە.
لای خۆشییەوە، رەشاد ئەلعەلەیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن جەختی کردەوە کە پاراستنی سەروەریی وڵات و ئاسمان و دەروازەکانی، ئەرکێکی نیشتمانیی دەستوورییە و کەمتەرخەمی تێدا ناکەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە میلیشیا حوسییەکان پێداگرییان کردووە لەسەر پێشوازیکردن لە گەشتێکی نوێی فڕۆکەوانیی ئێران لە دەرەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
لە بەرامبەردا، یەحیا سەریع، وتەبێژی حوسییەکان (ئەنساروڵڵا)، سعوودیەی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، ئەم دەستدرێژییە کۆتایی بە قۆناغی هێورکردنەوەی گرژییەکان و ئاگربەست هێناوە و بێ وەڵام نابێت، وەزارەتی دەرەوەی حوسییەکانیش هۆشدارییان دا کە رژێمی سعوودی خۆی خستووەتە ناو تەنگژەیەکی ستراتیژیی گەورەوە و دەبێت باجێکی قورس بدات.
هاوکات ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، کە فڕۆکە ئێرانییەکە دوای بۆردومانکردنی رێڕەوی فڕۆکەخانەی سەنعا، ئاڕاستەکەی گۆڕیوە و بەرەو فڕۆکەخانەی حودەیدە لە رۆژئاوای یەمەن بەڕێکەوتووە.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە دوای ئەوە دێت کە هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعوودیە هۆشداری دابوو، بە هێزێکی بێپێشینە وەڵامی هەر هەوڵێک دەدەنەوە کە بیەوێت سەروەریی یەمەن پێشێل بکات یان ئاسایشی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە، حکومەتی یەمەنیش داوای جێبەجێکردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکانی ژمارە 2140 و 2216ی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات بۆ رێگریکردن لەم ئاڵۆزییانە.
PM:03:08:13/07/2026
ئهم بابهته 412
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت