دادگای پاریس: ئەنقەرە دەبێت ملیارێک و471 ملیۆن دۆلار بداتە عێراق
وێستگەنیوز-
حکومەتی تورکیا بە فەرمی دوایین هیوای یاسایی بۆ رزگاربوون لەو غەرامە نێودەوڵەتییە لەدەستدا، کە بەهۆی دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بەسەریدا سەپێنرابوو، دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریسیش بڕیاری کۆتایی لە بەرژەوەندی عێراق دەرکرد.
دەنیز یاڤوز یڵماز، پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری (CHP) و گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، کۆمەڵێک بەڵگەنامەی فەرمی و نهێنی بڵاوکردەوە کە حکومەتی وڵاتەکەی هەوڵی پەردەپۆشکردنی دابوو، بەپێی بەڵگەنامەکان، دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریس تانەکەی تورکیای بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی رەتکردووەتەوە و ئەنقەرەی پابەند کردووە بە پێدانی ملیارێک و 471 ملیۆن دۆلار بە عێراق.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای کرد، کە حکومەتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) دۆسیەکەی دۆڕاندووە و ئێستا ژماردنی پێچەوانە بۆ پێدانی ئەو بڕە پارە زەبەلاحە دەستی پێکردووە، یاڤوز یڵماز وتیشی: "ئەم زیانە داراییە دەرەنجامی راستەوخۆی بڕیارە نادروستەکانی حکومەتە، بۆیە دەبێت ئەم بڕە پارەیە لە سامانی کەسیی رەجەب تەیب ئەردۆغان و بەرپرسانی تێوەگلاو وەربگیرێتەوە، نەک لە بودجەی گشتی و گیرفانی هاووڵاتیان".
پاشخانی ئەم کێشە یاساییە بۆ ساڵانی نێوان 21ی ئایاری 2014 تا 30ی ئەیلوولی 2018 دەگەڕێتەوە، لەو ماوەیەدا تورکیا بەبێ رەزامەندی فەرمی حکومەتی ناوەندی لە بەغدا، نەوتی هەرێمی کوردستانی لە رێگەی هێڵی بۆریی و بەندەری جەیهانەوە گواستووەتەوە و فرۆشتوویەتی، دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی پێشتر لە بڕیارێکی 277 لاپەڕەییدا جەختی کردبووەوە، کە تورکیا بە نایاسایی مامەڵەی بە نەوتی عێراقەوە کردووە و بە نرخێکی کەمتر لە نرخی فەرمی بازاڕ فرۆشتوویەتی، ئەمەش زیانی گەورەی لە دارایی دەوڵەتی عێراق داوە.
بەم بڕیارە نوێیەی دادگای پاریس، دۆسیەکە لە رووی یاساییەوە بە تەواوی یەکلایی بووەتەوە و هیچ دەرفەتێکی دیکە لەبەردەم تورکیادا نەماوە بۆ راکردن لەو سزا داراییە نێودەوڵەتییەی کە بەسەریدا سەپێنراوە.
PM:01:52:13/07/2026
ئهم بابهته 448
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت