شەپۆلێکی گەرمای بێپێشینە ئەوروپا دەهەژێنێت؛ زیاتر لە 10 هەزار کەس بوونە قوربانی
وێستگەنیوز-
وڵاتانی ئەوروپا رووبەڕووی یەکێک لە سەختترین شەپۆلەکانی گەرما بوونەتەوە لە مێژووی خۆیاندا، کە بەپێی داتا فەرمییەکان، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 10 هەزار کەس و دروستکردنی قەیرانی ژینگەیی و تەندروستی لە کیشوەرەکەدا.
بەگوێرەی ئامارەکانی تۆڕی "EuroMOMO" کە لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوودا، زیاتر لە 10 هەزار مردنی زیادە لە وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا تۆمار کراوە، زۆربەی هەرە زۆری ئەم قوربانییانە، کە ژمارەیان زیاتر لە 9 هەزار کەسە، تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵییەوە بووە، پزیشکەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گەرمای توند بووەتە هۆی جەڵتەی گەرما و تێکچوونی باری تەندروستی ئەو کەسانەی نەخۆشیی دڵ و کۆئەندامی هەناسەیان هەبووە.
زانایان و پسپۆڕانی کەشوهەوا لە ئاژانسی "World Weather Attribution" دووپاتی دەکەنەوە، کە ئەم شەپۆلە گەرمایە بەبێ گۆڕانی کەشوهەوا کە چالاکییەکانی مرۆڤ هۆکارێتی، کارێکی مەحاڵ بووە، ئاماژە بەوەش کراوە کە پلەکانی گەرما 3 بۆ 4 پلەی سەدی بەرزتر بووە لەوەی کە دەبوو لە بارودۆخێکی ئاساییدا بێت.
زیانەکان بەپێی وڵاتان:
1. بەریتانیا: لێکۆڵینەوەکان مەزەندە دەکەن کە تەنها لە ئینگلتەرا و وێڵز، زیاتر لە 2,700 کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستدابێت، کە تێیدا ریکۆردی پلەی گەرمی 37,7 پلەی سەدی تۆمار کراوە.
2. فەرەنسا: حکومەتی فەرەنسا دۆخی ئامادەباشی بۆ 26 ملیۆن هاووڵاتی راگەیاندووە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هۆشداری داوە لە زیادبوونی ئاگرکەوتنەوەکان، بە جۆرێک لە سەرەتای ئەمساڵەوە 25,000 هێکتار زەوی سووتاوە، کە ئەمەش نزیکە دوو هێندەی ساڵی 2025ـە.
3. ئەڵمانیا: لە مانگی حوزەیراندا 99 کەس لە کاتی مەلەکردندا خنکاون، کە زۆربەیان بۆ رزگاربوون لە گەرما پەنایان بۆ ئاو بردووە، ئەمەش بەرزترین رێژەی مردنە لەو وڵاتە لە دوای ساڵی 2003ـوە.
4. ئیسپانیا: لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە لە دارستانەکانی باشووری وڵاتەکە، لانی کەم 11 کەس گیانیان لەدەستداوە کە تەرمەکانیان لە ناو ئۆتۆمبێلە سووتاوەکاندا دۆزراوەتەوە.
5. بەلجیکا: بەرزترین رێژەی مردنی تۆمار کردووە لە چاو سەرجەم شەپۆلەکانی گەرما لە دوای ساڵی 2000ـەوە.
پسپۆڕانی تەندروستی و ژینگە هۆشداری دەدەن کە وڵاتانی ئەوروپا بە تەواوی ئامادە نین بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، و پێشنیار دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ وەبەرهێنانی زیاتر لە سیستەمی فێنککەرەوە و گۆڕینی شێوازی بیناسازیی ماڵەکاندا بکرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەرما.
AM:11:53:13/07/2026
ئهم بابهته 372
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت