وەزیری بەرگری ئیسرائیل: سوپامان راسپاردووە بەبێ هاوکاری ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران
وێستگەنیوز-
یەسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی فەرمانی راستەوخۆی لەلایەن سەرۆک وەزیران و وەزارەتی بەرگرییەوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی خۆی بۆ ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی سەربەخۆ لەناو خاکی ئێراندا ئامادە بکات، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی بەشداریی هێزەکانی ئەمریکا بکەن.
کاتز لە میانی مەراسیمی دەرچوونی فڕۆکەوانانی هێزی ئاسمانی لە بنکەی هاتزەریم جەختی کردەوە، ئیسرائیل بەرامبەر هەڕەشەکانی تاران دەستبەستراو نابێت و ئێستا سوپا لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی، وتیشی: "ئێمە لە هەر کات و ساتێکدا بێت بۆ رووبەڕووبوونەوە ئامادەین و رێنمایی پێویست دراوەتە هێزەکانمان تا بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازیی سەربەخۆ دژی دامەزراوەکانی ئێران ئامادەکاری بکەن".
ئەم پەرەسەندنە نوێیە لە کاتێکدایە، ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 28ی شوباتی 2026ـەوە چووەتە قۆناغێکی یەکجار مەترسیدار، دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانیان دژی ئێران دەستپێکرد، لە یەکەمین رۆژی ئەو هێرشانەدا بە سەدان مووشەک ئامانجە ستراتیژییەکانی تاران بۆردومان کران و بەهۆیەوە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران کوژران.
ئامانجی سەرەکیی ئیسرائیل و ئەمریکا لەم جەنگەدا، وەک لە پەیامی بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵاتدا هاتووە، وێرانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، تێکشکاندنی توانای مووشەکی و لەناوبردنی هێزی دەریایی ئێرانە، لە بەرامبەریشدا تاران بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و ئاڵۆزکردنی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز وەڵامی داوەتەوە.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل دووپاتی کردەوە، سوپاکەیان ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە و "تامەزرۆی گەڕانەوەیە" بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە سەربازییانەی کە بۆ تێکشکاندنی تواناکانی ئێران بۆی دیاریکراوە، تەنانەت ئەگەر بەبێ پاڵپشتی لایەنە بیانییەکانیش بێت.
PM:03:14:12/07/2026
ئهم بابهته 364
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت