گرژییەکانی ئەم بەیانییەی نێوان ئەمریکا و ئێران


وێستگەنیوز-

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تەمووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) کۆتاییهاتنی گەڕی سێیەمی ئۆپراسیۆنە سەربازییە فراوانەکانی بۆ سەر پێگەکانی ناوخۆی ئێران راگەیاند، کە وەک وەڵامێک بوو بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز.

سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا روونیکردەوە، ئەم قۆناغەی هێرشەکان بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ ئەنجامدراون و تێیدا 140 ئامانجی نوێ پێکراون، بەمەش کۆی گشتی ئەو شوێنانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئەمریکاوە لەناو خاکی ئێراندا کراونەتە ئامانج، گەیشتە 300 پێگە، هێرشەکان بنکەکانی هەڵدانی مووشەک و درۆن، کۆگاکانی تەقەمەنی، دامەزراوە دەریاییەکان و تۆڕەکانی پەیوەندییان لە کەناراوەکانی ئێران پێکاوە.

لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران بڕیاری داخستنی گەرووی هورمزی تا کاتێکی نادیار راگەیاند و هۆشداری دا کە هەر جۆرە هاتوچۆیەکی کەشتیوانی لە گەرووەکەدا رادەگیرێت، تاران ئاشکرای کرد کە دوو کەشتی بازرگانییان بە پاساوی پێشێلکردنی یاساکان راگرتووە و وەک وەڵامێکیش بۆ هێرشەکانی واشنتۆن، بە مووشەکی بالیستی و درۆن بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە قەتەر، کوەیت، بەحرەین، ئوردن و ئیمارات بۆردومان کردووە.

هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییانە، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند کە کەشتییەکی بارهەڵگر لە نزیک کەناراوەکانی عومان دوای زیانپێگەیشتنی و کەوتنەوەی ئاگر، لەلایەن تیمەکەیەوە جێهێڵدراوە.

لەلایەکی دیکەوە، پیت هیگسێت وەزیری جەنگی ئەمریکا هۆشداری توندی دایە تاران و رایگەیاند، ئێران هەڵەیەکی خراپی کرد و ئێستا باجەکەی دەدات، ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ کۆتاییهاتنی رێککەوتنی ئاگربەستی مانگی حوزەیرانی رابردووی لەگەڵ ئێران راگەیاند، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بوو بەو جەنگەی لە مانگی شوباتی رابردووەوە بەهۆی کوژرانی عەلی خامنەیی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردبوو.

میدیاکانی ئێران پشتڕاستیان کردووەتەوە کە دەنگی تەقینەوەی گەورە لە بەندەر عەباس، سیریک، جاسک، دوورگەی قشم و پارێزگای خوزستان بیستراوە، لە کاتێکدا وڵاتانی وەک ئیمارات و قەتەر رایانگەیاندووە کە توانیویانە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر خاکەکەیان تێکبشکێنن.


AM:08:49:12/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت