گەرووی هورمز تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی عەراقچی و ئەلبوسەعیدی بوو لە مەسقەت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 11ی تەمووزی 2026، عەباس عەراقچی، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە مەسقەتی پایتەختی عومان و لەگەڵ بەدر ئەلبوسەعیدی، هاوتا عومانییەکەی کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە.
بەپێی راپۆرتە هەواڵییەکان، تەوەرەی سەرەکی دیداری نێوان هەردوو وەزیر، بریتی بووە لە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و دۆسیەی گەرووی هورمز، لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا گۆڕدراوەتەوە دەربارەی میکانیزمەکانی دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان بەناو گەرووەکەدا، ئەوەش بە مەبەستی رێگریکردن لە تێکچوونی ئاسایشی دەریایی.
ئەم وتووێژانە لەسەر بنەمای بەندی پێنجەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنی (ئیسلام ئاباد) ئەنجامدراون، کە پێشتر لە نێوان تاران و واشنتۆن واژۆ کراوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە پەرۆشە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ سوڵتاننشینی عومان و گەیشتن بە رێکخستنی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز.
لەلای خۆیەوە، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان جەختی لە گرنگیی رێگەی دیپلۆماسی کردەوە وەک تاقە رێگە بۆ رێگریکردن لە زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا، ئەلبوسەعیدی هیوای خواست کە جێبەجێکردنی تەواوی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان، ببێتە هۆی باشترکردنی دۆخی ئەمنی و سەقامگیری ناوچەکە.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە، لە دیداری نێوان هەردوو وەزیردا، باس لە پەرەسەندنە هەرێمییەکان و پەیوەندییەکانی تاران و مەسقەت لە بوارە جیاجیاکاندا کراوە، هاوکات هەردوولا هاوڕابوون لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە.
PM:08:03:11/07/2026
ئهم بابهته 248
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت