سعوودیە و پاکستان جەخت لە دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانی نێوان واشنتۆن و تاران دەکەنەوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 11ی تەمووزی 2026، وەزیری دەرەوەی سعوودیە و هاوتا پاکستانییەکەی، دوایین پەرەسەندنەکان و گرژییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی نێوەندگیرییەکان بۆ گەڕانەوەی وتووێژ لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە.
بەپێی راگەیاندراوی فەرمی، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان بن عەبدوڵا، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد ئیسحاق دار، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی کۆماری پاکستانی ئیسلامی ئەنجامدا.
لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا باسیان لەو گرژییانە کرد کە ناوچەکە بەخۆیەوەیان دەبینێت، هەردوو وەزیرەکە جەختیان کردەوە کە پێویستە هەوڵە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان و گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانەی گشتگیر بخرێنەگەڕ، بە جۆرێک کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان بپارێزرێت.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، جەختکردنەوە بوو لەسەر پاڵپشتیکردنی پرۆسەی نێوەندگیری و هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی واشنتۆن و تاران بۆ سەر مێزی وتووێژەکان.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانەی نێوان ریاز و ئیسلام ئاباد لە کاتێکدایە، کە ناوچەکە پێویستی بە هەماهەنگی زیاتر هەیە بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری ململانێکان، وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵاتیش هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە تەنها رێگەی دیالۆگ دەتوانێت ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا بچەسپێنێت.
PM:05:21:11/07/2026
ئهم بابهته 96
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت