قەتەر هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ رێگری لە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن دەستپێکرد


وێستگە نیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی تەمووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئالسانی، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەیان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوایین پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تاوتوێ کردووە.


بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، دەوحە سەرکۆنە و رەتکردنەوەی توندی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز دەربڕیوە و جەختی لە پاراستنی ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکان کردووەتەوە.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بە بژاردەی گفتوگۆ کردووەتەوە. هەروەها ئاماژە بە گرنگیی جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە کراوە کە پێشتر لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکاندا لەسەری رێککەوتبوون، بە مەبەستی رێگری لە زیاتر تێکچوونی دۆخە سەربازییەکە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، قەتەر پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ هەموو ئەو هەوڵانە دووپاتدەکاتەوە کە ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان و دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر و سەقامگیر لە ناوچەکەدا.


AM:10:35:09/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت