ئەوروپا هۆشداری دەدات: بە ئاسمانی عێراق، ئێران و لوبناندا مەفڕن
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی تەمووزی 2026، ئاژانسی سەلامەتی فڕۆکەوانی یەکێتی ئەوروپا (EASA)، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی جیهان کرد و داوای لێکردن بە شێوەیەکی کاتیی ئاسمانی وڵاتانی عێراق، ئێران و لوبنان بەکارنەهێنن.
ئەم بڕیارە کتوپڕەی ئاژانسە ئەوروپییەکە دوای تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی و سەربازی ناوچەکە دێت، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی کۆتاییهێنانی بە ئاگربەست لەگەڵ وڵاتی ئێران راگەیاند، هاوکات سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرای کردووە کە وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا، 85 بنکەی سەربازی ئەو وڵاتەی لە هەریەکە لە بەحرەین و کوەیت کردووەتە ئامانج.
ئاژانسی (EASA) ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە ئێستادا ئاسمانی عێراق، ئێران و لوبنان بە ناوچەی مەترسیدار بۆ فڕۆکەوانی مەدەنی دادەنرێن و پێویستە کۆمپانیاکان رێڕەوی جێگرەوە بۆ گەشتەکانیان بەکاربهێنن تاوەکو گیانی سەرنشینان پارێزراو بێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسەکە بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی هۆشدارییەکانی پێشووی لەسەر ئاسمانی وڵاتانی (بەحرەین، کوەیت، ئیسرائیل، ئوردن، قەتەر، عومان، ئیمارات و سعوودیە)، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە تەنها ئەو سێ وڵاتەی یەکەم لە ژێر مەترسی جدی جەنگدان.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران گەیشتووەتە لوتکە و چاوەڕوان دەکرێت کاریگەری گەورە لەسەر جوڵەی بازرگانی و گەشتە ئاسمانییەکانی ناوچەکە و جیهان درووست بکات.
PM:03:09:08/07/2026
ئهم بابهته 224
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت