جەنگی تەکنەلۆژیا؛ رووسیا سیستەمی ستارلینک پەکدەخات


وێستگەنیوز-

هێزە روسییەکان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرانیا، ئەوەش لە رێگەی بەکارهێنانی سیستەمی پێشکەوتووی تێکدانی ئەلیکترۆنی و شاردنەوەی بارە سەربازییەکانیان.


بەپێی راپۆرتە هەواڵییەکان، مۆسکۆ سیستەمێکی جەنگی ئەلیکترۆنی نوێی جێگیر کردووە کە دەتوانێت دزە بکاتە ناو پەیوەندییەکانی "ستارلینک" و رایبگرێت، ستارلینک کە خاوەندارێتییەکەی بۆ ملیاردێر ئیلۆن ماسک دەگەڕێتەوە، وەک دەمارە خانەی سەرەکی بۆ ئاراستەکردنی درۆنەکانی ئۆکرانیا دادەنرێت و پەکخستنی ئەم سیستەمە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر وردی و توانای هێرشەکانی کیێڤ دەبێت.

جگە لە جەنگی ئەلیکترۆنی، سوپای رووسیا تەکتیکی شاردنەوەی بارە سەربازییەکانی گۆڕیوە، ئێستا مۆسکۆ کەلوپەلە سەربازییەکان لە ناو ئۆتۆمبێلە مەدەنییەکاندا دەگوازێتەوە تاوەکو فڕۆکەوانە ئۆکرانییەکان نەتوانن ئامانجەکان لە یەکتر جیا بکەنەوە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە ئۆکرانیا لە رێگەی درۆنەکانی "مەودا مامناوەند"ەوە سەرکەوتوو بوو لە پەکخستنی هێڵەکانی دابینکردن و تەقاندنەوەی کۆگاکانی سووتەمەنی، بە تایبەت لە نیمچە دوورگەی کریمە.

فەرماندە و فڕۆکەوانانی فەوجی 422ی سیستمە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا لە پارێزگای زاپۆریژیا ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەم پێشکەوتنە تەکنیکییەی رووسیا ئۆپەراسیۆنەکانیانی لە پشتی هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ تووشی ئاستەنگ کردووە، ئەوان دەڵێن رووسیا ئامێری تێکدانی بەهێزی لە نزیک شارۆچکە و دامەزراوە هەستیارەکان داناوە کە رێگری دەکات لە کۆنترۆڵکردنی درۆنەکان.

ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە، کە ئۆکرانیا لەمساڵدا توانیبووی لە رێگەی درۆنەکانیەوە کە تێچوویان کەمە و وردییان زۆرە، هاوسەنگی جەنگەکە بگۆڕێت و زیانی گەورە بە ژێرخانی سەربازی و لۆجیستی رووسیا بگەیەنێت، بەڵام ئێستا مۆسکۆ بە سیستەمی بەرگری ئەلیکترۆنی هەوڵی بێکاریگەرکردنی ئەو هێرشانە دەدات.


PM:02:17:08/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت