ئەردۆغان لە لووتکەی ناتۆوە پەیامی ئاشتی دەنێرێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی تەمووزی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانی بەشدارییکردنی لە لووتکەی ناتۆ لە شاری ئەنقەرە، چەندین پەیامی گرنگی لەبارەی ئاسایشی جیهانی، بودجەی سەربازی و کێشە ناوچەییەکان ئاراستەی سەرکردەکانی جیهان کرد.


ئەردۆغان سوپاسی وڵاتانی ئەمریکا، ئیسپانیا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیای کرد بۆ جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی وەک پاڵپشتییەک بۆ تورکیا، هەروەها ستایشی سەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپی کرد و رایگەیاند: "پێزانینم بۆ هاوڕێم سەرۆک ترەمپ هەیە کە توانی قەیرانی ئێران بخاتە سەر رێڕەوێکی گونجاو بەرەو چارەسەر".

سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا، ئەردۆغان دووپاتی کردەوە کە تورکیا بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هاوکاری سەربازی بە کیێڤ، بەڵام لە هەمان کاتدا رێگەکانی پەیوەندی لەگەڵ رووسیا بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە ئاشتی، لە بارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە وتی: "کلیلی ئاشتییەکی بەردەوام تەنها لە چارەسەری دوو دەوڵەتدا کورت دەبێتەوە و پاراستنی ئارامی لە غەززە و لوبنان ئەرکی سەرشانی هەموو لایەکە".

سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی خاوەنی گەورەترین سوپای وشکانییە لە ئەوروپا و داوای کرد تورکیا ببێتە ناوەندی نایابی ناتۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیستەمە بێفڕۆکەوانەکان (درۆن)، چونکە تورکیا ئەزموونێکی سەرکەوتووی لە بەکارهێنانی درۆنەکان لە مەیدانی جەنگدا هەیە.

ئەردۆغان راشیگەیاند، تورکیا رێکاری گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی خەرجییەکانی بەرگری تا ساڵی 2030 بگەیەنێتە %3.5، و ئامانجیانە تا ساڵی 2035 ئەو رێژەیە بگەیەننە %5، کە پێنج ساڵ زووترە لەو وادەیەی لە هاگ دیاریکراوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەردۆغان داوای کرد هەموو ئەو سنووردارکردن و ئاستەنگانە لابرێن کە لە نێوان هاوپەیمانانی ناتۆدا لە بواری پیشەسازی بەرگریدا هەن، جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێت هاوپەیمانە ئەوروپییەکان خۆیان لەو رێکارانە بەدوور بگرن کە دەبێتە هۆی لاوازکردنی پەیوەندییەکانی ئەودیو ئەتڵەسی و تێکدانی یەکڕیزی ناتۆ.


PM:01:39:08/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت