شەهباز شەریف: پاکستان و تورکیا دوو دڵن لە یەک جەستەدا


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 4ی تەمووزی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئەستەنبوڵ، وتارێکی دەربارەی پەیوەندییە مێژووییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا پێشکەش کرد و رایگەیاند کە هەردوو وڵات وەک "دوو دڵ لە یەک جەستەدا" وان.


سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئاماژەی بەوە کرد، کە پاکستان و تورکیا خاوەنی دۆستایەتییەکی بێوێنەن کە لە رێگەی سەدەها ساڵ مێژوو و بیروباوەڕی هاوبەش و برایەتییەوە دروست بووە، وتیشی: "لە کاتی جەنگی سەربەخۆیی تورکیادا، موسڵمانانی نیمچەکیشوەرەکە هەموو پاشەکەوتی دارایی خۆیان فیدا کرد بۆ پشتیوانیکردنی خوشک و برا تورکەکانیان".

شەهباز شەریف باسی لەوە کرد، کە تورکیا هەمیشە لە کاتە سەختەکاندا لەگەڵ پاکستان وەستاوە، بە تایبەت لە کاتی جەنگ، بوومەلەرزە و لافاوە کارەساتبارەکاندا، روونیشیکردەوە کە ئەم رۆحیەتی هاوپشتییە بە جوامێرییەکی ناوازە لە لایەن هەردوولاوە وەڵام دراوەتەوە و پاکستانیش بەپێی توانای خۆی هەمیشە پشتیوانی تورکیا بووە.


لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، شەهباز شەریف ستایشی رۆڵی رەجەب تەیب ئەردۆغانی کرد و رایگەیاند: "کەم سەرکردەی سەردەمی ئێمە خاوەنی ئەو دیدگا و ئازایەتییەی ئەردۆغانن"، ئاماژەی بەوەش کرد، کە لەژێر سەرکردایەتی ئەودا، تورکیا وەرچەرخانێکی گەورەی بەخۆوە بینیوە، شکۆ و متمانەی وڵاتەکە بەهێزتر بووە و پێگەی تورکیا وەک یەکێک لە کاریگەرترین وڵاتانی جیهان لە کاروباری ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بەرز بووەتەوە.


PM:06:19:04/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت