ئەردۆغان هۆشداری توند دەداتە ئیسرائیل


وێستگەنیوز-

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە میانی پێشوازیکردنی لە شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە ئەستەنبوڵ، چەندین پەیامی توندی ئاراستەی حکومەتی ئیسرائیل کرد و هەڵوێستی وڵاتەکەشی لەسەر گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە روون کردەوە.


ئەمڕۆ شەممە 4ی تەمووزی 2026، ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا رایگەیاند، کە تاقمی کۆمەڵکوژکاری زایۆنیستی مانەوەی سیاسی خۆیان بە بەردەوامیی ململانێکانەوە گرێ داوە و بە تایبەتی دەست لە لوبنان و سووریا هەڵناگرن، وتیشی: "هێزە داگیرکەرەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە هێرشە نایاسایی و نامرۆییەکانیان دژی چەوساوەکان لە غەززە".

سەرۆک کۆماری تورکیا هۆشداری دا کە نابێت رێگە بە حکومەتی ئێستای ئیسرائیل بدرێت، کە بە وتەی ئەو "ئاڵوودەی جەنگ بووە"، جارێکی دیکە جوگرافیای ناوچەکە لە نێو بۆنی بارووت و خوێندا نوقم بکاتەوە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، ئەردۆغان ئاماژەی بە رێککەوتنی ئیسلام ئاباد لە نێوان واشنتۆن و تاران کرد و رایگەیاند، کە بە گەیشتن بەم رێککەوتنە جیهان هەناسەیەکی ئاسوودەی هەڵکێشا. جەختیشی کردەوە کە تورکیا بە وردی چاودێری هەموو ئەو هەوڵانە دەکات کە مەبەستیان تێکدانی ئەو رێککەوتنەیە.

ئەردۆغان دووپاتی کردەوە کە تورکیا پاڵپشتی هەموو ئەو هەنگاوانە دەکات کە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان، راشیگەیاند کە هیچ چارەسەرێک ناتوانێت بەردەوام بێت ئەگەر لە دەرەوەی ویست و بەشداری وڵاتانی ناوچەکە بێت.

ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان دوای مەراسیمێکی فەرمی پێشوازیکردن و کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پاکستان هات، کە تێیدا هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە کردەوە.


PM:05:59:04/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت