بەریتانیا و فەڕەنسا هێزێکی سەربازی رەوانەی گەرووی هورمز دەکەن
وێستگەنیوز-
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە هەردوو وڵاتی بەریتانیا و فەڕەنسا ئامادەیی خۆیان بۆ بڵاوکردنەوەی نێردەیەکی سەربازی فرەنەتەوەیی بە مەبەستی پشتگیریکردن لە ئازادی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز راگەیاند، ئەم هەنگاوەش دوای رەزامەندی سوڵتاننشینی عومان دێت بۆ هاوکاری لەگەڵ هەردوو وڵات لەپێناو دابینکردنی ئاسایشی ئاوە هەرێمییەکانی.
کێیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا جەختیان کردەوە کە گەرووی هورمز شاخوێنبەری ژیانی ئابووری جیهانە. ئاماژەیان بەوەش کرد کە تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکانی هەموو وڵاتان بەو رێڕەوەدا، پرسێکی خاوەن گرنگی جیهانییە و پێویستە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان رێز لە سەروەری دەوڵەتان بگیرێت.
سەرۆکی فەڕەنسا ئاشکرای کرد، دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان واشنتۆن و تاران و گۆڕانی پێداویستییە ئەمنییەکان، وڵاتەکەی بڕیاری داوە شێوازی بڵاوکردنەوەی هێزەکانی هەموار بکاتەوە، لەو چوارچێوەیەدا، فڕۆکەهەڵگری شارل دیگۆل دەگەڕێتەوە بۆ بنکەی تۆلۆن، بەڵام یەکەکانی لادانی مین، دوو فرقاتە و فڕۆکەیەکی چاودێری دەریایی لە ناوچەکەدا دەمێننەوە بۆ دەستوەردانی پێویست و پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی.
ئەم جوڵە نێودەوڵەتییە دوای ئەو پشێوییانە دێت کە گەرووی هورمز بەهۆی گرژی و پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل بەخۆیەوەی بینی، کە ببووە هۆی فشارێکی زۆر لەسەر بازاڕەکانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا، هەرچەندە دوای رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان تاران و واشنتۆن لە 17ی حوزەیرانی رابردوو دۆخەکە تا رادەیەک جێگیر بووە، بەڵام هێزە نێودەوڵەتییەکان دەیانەوێت رێکاری بەردەوامتر بۆ رێگری لە هەر گرژییەکی نوێ بگرنەبەر.
بەریتانیا و فەڕەنسا پابەندی خۆیان بە سەقامگیری ناوچەیی دووپات کردەوە و رایانگەیاند، کە لە هاوکارییە نزیکەکانیان لەگەڵ هاوبەشەکانیان بەردەوام دەبن بۆ زامنکردنی ئازادی گەشتە دەریاییەکان و پاراستنی ئاسایشی جیهانی.
AM:10:31:04/07/2026
ئهم بابهته 216
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت