ترەمپ: رووبەڕووی کۆمۆنیزم دەبینەوە و تاران بۆ رێککەوتن لەگەڵمان بێئومێد بووە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 4ی تەمووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە وتارێکی فراواندا لە بەردەم مۆنۆمێنتی چیای راشمۆر لە ویلایەتی ساوس داکۆتا، بەبۆنەی 250ـەمین ساڵیادی سەربەخۆیی وڵاتەکەی، چەندین پەیامی توندی ئاراستەی نەیارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی کرد و رایگەیاند کە وڵاتەکەی پێی ناوەتە سەردەمێکی زێڕین.


ترەمپ لە وتارەکەیدا کۆمۆنیزمی وەک "هەڕەشەیەکی کوشندە" بۆ سەر ئازادی و دەستووری ئەمریکا وەسف کرد و وتی: "کۆمۆنیزم دوژمنی 4ی تەممووزی 1776ـە، رادیکاڵەکان لە هەر هەلێکدا هێرش دەکەنە سەر مێژووە سەرسوڕهێنەرەکەمان، بەڵام بەرامبەر مێژووی پڕ لە نەهامەتی کۆمۆنیزم بێدەنگن"، جەختیشی کردەوە کە هاووڵاتیانی ئەمریکا بە خێرایی کۆمۆنیزم تێکدەشکێنن و رێگە نادەن مێژووی وڵاتەکەیان بشێوێنرێت.

سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، ترەمپ ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی لە روانگەی مرۆییەوە مۆڵەتی هەفتەیەکی داوەتە تاران بۆ ئەوەی کارە سەربازییەکانی رابگرێت، ئەمەش بە مەبەستی بەڕێوەچوونی مەراسیمی ناشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێرانییەکان بە شێوەیەکی بێئومێدانە هەوڵی گەیشتن بە رێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ ئەمریکا دەدەن، دوای ئەوەی ئیدارەکەی گورزی زۆر توندی لێ وەشاندوون.

ترەمپ هۆشداری دایە لایەنگرانی لە گەڕانەوەی پارتی دیموکرات بۆ دەسەڵات و رایگەیاند، ئەگەر دیموکراتەکان سەرکەوتوو بن، یاسا و گۆڕانکارییەک دەسەپێنن کە رێگری لە هەر سەرکەوتنێکی داهاتووی کۆمارییەکان دەکات، وتیشی: "ئەمە تەنها ململانێی سیاسی نییە، بەڵکو شەڕە بەرامبەر هێرشی توندڕەوەکان بۆ سەر شوناسی ئەمریکا".

لە کۆتایی وتارەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئەمریکا گەورەترین و بەهێزترین وڵاتی جیهانە و مێژوویەکی بێوێنەی لە حوکمڕانی و ئازادی تۆمار کردووە، بەڵێنیشی دا کە وڵاتەکەی گەورەتر و باشتر لە جاران بنیاد بنێتەوە.


AM:08:39:04/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت