نیویۆرک تایمز: ئەمریکا رێگری لە ئیسرائیل کردووە سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی ئێران تیرۆر بکات


وێستگەنیوز-

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی واشنتۆنەوە پەردەی لەسەر نهێنییەکی هەستیار لادا و رایگەیاند، ئیسرائیل پلانی هەبووە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران تیرۆر بکات، بەڵام ئیدارەی ترەمپ رێگری لێ کردوون.

بەپێی راپۆرتەکە، لەو کاتەی واشنتۆن و تاران سەرقاڵی دانوستانی نهێنی بوون بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی، ئەمریکا ترسی هەبووە هەر هەوڵێکی ئیسرائیل بۆ تیرۆرکردنی ئەو دوو بەرپرسە باڵایە، گفتوگۆکان پەکبخات و ناوچەکە بەرەو شەڕێکی گەورەتر ببات.

ئاشکراشیکردووە، واشنتۆن تا ئەو ئاستە رۆیشتووە کە لە رێگەی وڵاتانی ناوچەکەوە هۆشداری داوەتە ئێران کە قالیباف و عەراقچی لە لیستی ئامانجەکانی ئیسرائیلدان.

هەر لەراپۆرتەکەدا هاتووە، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە قالیباف چەند جارێک بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لە هەوڵی تیرۆرکردن رزگاری بووە، جارێکیان لە جەنگی ساڵی 2025 و جارێکی دیکەش کاتێک ئیسرائیل پەناگەیەکی ژێر شاخی کردووەتە ئامانج کە بەرپرسانی ئێرانی تێدا بووە، بەڵام قالیباف لەژێر داروپەردووی هێرشەکاندا بە زیندوویی دەرهێنراوە.

هەروەها لە رووداوێکی دیکەدا لە مانگی نیسانی رابردوو، کاتێک قالیباف و عەراقچی بۆ دیدار لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گەشتی ئیسلام ئابادیان کردووە، ئێران لە رێگەی قەتەر و پاکستانەوە داوای دەستەبەری لە ئەمریکا کردووە کە ئیسرائیل هێرشیان نەکاتە سەر، لەو گەشتەدا فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان یاوەریی فڕۆکەی شاندە ئێرانییەکەیان کردووە، تەنانەت لە کاتی گەڕانەوەیاندا فڕۆکەکەی قالیباف بەهۆی هەڕەشەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە سنووری عێراق، بە ناچاری لە مەشهەد نیشتووەتەوە و شاندەکە بە وشکانی گەڕاونەتەوە تاران.

ئەوەشی خستووەتەروو، هەرچەندە ئەمریکا قالیباف و عەراقچی وەک ئامانجێکی رەوا دەبینی، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی دانوستانەکان پاراستنیانی بە پێویست زانیوە، ئەمە لە کاتێکدایە ئیسرائیل پێشتر توانیبووی چەندین کەسایەتی دیکەی وەک عەلی لاریجانی و کەمال خرازی تیرۆر بکات،

لە بەرانبەر ئەم راپۆرتەدا، بەرپرسێکی ئەمنیی ئیسرائیل بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاندووە: "ئیسرائیل کاتێک بیەوێت هەر کەسێک لەناو ببات، ئەوە دەکات".


PM:06:38:03/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت