گەڕێکی نوێی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی تەموزی 2026، چەند سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماسی بە میدیاکانی راگەیاندووە، "گەڕی داهاتووی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 18ی تەموزدا بەڕێوەدەچێت".
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە واشنتۆن لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە پەیامی روون و توندی ئاراستەی تاران کردووە، تێیدا جەختی لەسەر رەتکردنەوەی هەر گۆڕانکارییەک لە دۆخی ئێستای گەرووی هورمزددا کردووەتەوە.
بە پێی زانیاریی سەرچاوەکان، ئەمریکا رەفتارەکانی ئێران لەم گەرووە ستراتیژییەدا وەک یەکەم تاقیکردنەوەی پابەندبوونی تاران بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی مانگی حوزەیرانی رابردوو سەیر دەکات و، هۆشداریی داوە کە هەر تێکدانی ئاسایشی دەریاوانی لەو ناوچەیەدا، بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکان دادەنرێت و دەرئەنجامی راستەوخۆی لەسەر پڕۆسەی دانوستانەکان دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، تاران ئاگادارکراوەتەوە کە پرسی ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی بەستراوەتەوە بە رەفتارە کردارییەکانی لەسەر زەوی و پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا.
هەروەها تاران جەختی کردووەتەوە، کە پێویستە سەرجەم کەشتییەکان پابەندی ئەو رێڕەوە دەریاییە بن کە لەلایەن ئێرانەوە بۆ تێپەڕبوونی پارێزراو دیاریی کراوە.
ئەم گرژییە نوێیە دوای زنجیرەیەک پێکدادان و هێرش دێت کە لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا روویدا، کە تێیدا ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەند ئامانجێکی سەربازی لە باشووری ئێران و لە بەرامبەریشدا تاران، ژمارەیەک بنکەی سەربازیی سەر بە ئەمریکای لە کوەیت و بەحرێن کردە ئامانج.
PM:09:35:02/07/2026
ئهم بابهته 108
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت