سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: گەمارۆدانی پیشەسازیی بەرگریمان لەگەڵ رۆحی ناتۆدا ناگونجێت


وێستگەنیوز-

لوتکەی پەرلەمانتارانی وڵاتانی ناتۆ لە شاری ئەستەنبوڵ بە میوانداریی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەستی پێکرد و تێیدا رەخنە لە هەڵوێستی هەندێک لە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە گرت بەرانبەر بە تورکیا.


نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە گوتاری دەستپێکی لوتکەکەدا کە لە کۆشکی دۆڵمەباهچە بەڕێوەچوو، رایگەیاند: "ئەو گەمارۆیانەی هەندێک لە ئەندامانی ناتۆ لە بواری پیشەسازیی بەرگریدا لەسەر تورکیا جێبەجێی دەکەن، کارێکی تەواو یەکلایەنە و بێمانایە و بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ رۆحی هاوپەیمانێتیی ناتۆدا ناگونجێت."

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و جیهان، کورتوڵموش ئاماژەی بە دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان ئەمریکا و ئێران کرد و وتی: "هیوادارین ئەم هەنگاوە ئەرێنییانەی نێوان واشنتۆن و تاران بەهۆی سەرکێشیی هەندێک لایەنی تێکدەرەوە پەکیان نەکەوێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناتۆش پاڵپشتی لەم رەوتی ئاشتییە بکەن."

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا باسی لە شەڕی غەززە کرد و جەختی کردەوە کە کۆتاییهاتنی هێرشەکانی حکومەتی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستین، گەرەنتییە بۆ ئاشتی جیهانی، وتیشی: "بەبێ بەدەستهێنانی ئازادیی گەلی فەڵەستین، ئارامیی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نایەتە دی."

سەبارەت بە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا، نوعمان کورتوڵموش دوپاتیکردەوە کە وڵاتەکەی پاڵپشتی لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە کار بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە و گشتگیر بکرێت لە رێگەی دانوستان و دیپلۆماسییەوە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، کورتوڵموش داوای لە وڵاتانی ناتۆ کرد کار بۆ بنیاتنانی جیهانێکی نوێ بکەن کە لەسەر بنەمای یەکسانیی گەلان و سیستمێکی دادپەروەرانە بێ،. هەروەها سوپاسی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیای کرد بۆ میوانداریکردنی سەرۆک پەرلەمانەکانی ناتۆ و ئاشکرای کرد کە لوتکەی داهاتووی سەرۆک دەوڵەت و حکومەتەکانی ناتۆ لە رۆژانی 7 و 8ی تەموز لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت.


PM:05:35:29/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت