ڤلادیمێر پوتین: ئەگەر رۆژئاوا پێیوابێت شکست دەهێنین، با چاوەڕێبن
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا لە نوێترین لێدوانیدا دەربارەی پەرەسەندنەکانی جەنگ، رایگەیاند کە هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی و وزەی وڵاتەکەی، هیچ گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە هاوکێشە سەربازییەکانی ناو مەیدانی جەنگدا دروست نەکردووە.
پوتین ئاماژەی بەوە کرد، گرنگ نییە ئۆکرانیا لە کوێوە هێرش دەکاتە سەر ژێرخانەکانی روسیا، چونکە ئەو هێرشانە بە هیچ شێوەیەک کاریگەرییان لەسەر بەردەوامیی جەنگ و هێڵەکانی بەرکەوتن نییە، وتیشی: "ئەم هێرشانە تەنها مەبەست لێیان پەرەپێدانی هەڵمەتێکی زانیارییە، بۆ ئەوەی دڵەڕاوکێ لەناو کۆمەڵگەی روسیا دروست بکەن و متمانەمان بە هێزی خۆمان لاواز بکەن".
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە سەرکەوتنی هێزەکانی ئۆکرانیا و رزگارکردنەوەی خاک دەکەن، سەرۆکی روسیا گومانی خۆی دەربڕی و وتی: "سەرکردەکانی رۆژئاوا باس لە رزگارکردنی ناوچەکان دەکەن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە لە کوێ و کام خاکە؟ من ئاگاداری هیچ سەرکەوتنێکی لەو شێوەیە نیم"، راشیگەیاند کە ئەگەر رۆژئاوا پێیوایە روسیا شکست دەهێنێت، با تەنها چاوەڕێ بکەن بزانن چی روودەدات.
پوتین هێرشە تۆڵەسێنەرەوەکانی روسیای بە بەهێزتر و ئازاربەخشتر وەسف کرد و ئاشکرای کرد کە کیێڤ و ئەوروپا داوای راگرتنی هێرشەکانی ناو قوڵایی خاکی یەکتری دەکەن، بەڵام مۆسکۆ ئەمەی رەتکردووەتەوە، بە وتەی پوتین، ئۆکرانیا و رۆژئاوا تەنها بۆ ئەوە داوای ئاگربەست دەکەن تا هەلێکیان بۆ بڕەخسێت هێزەکانیان رێک بخەنەوە، بەڵام روسیا ئەو هەلەیان پێنادات و ئامانجی سەرەکییان کۆنترۆڵکردنی تەواوی دۆنباس و نۆڤۆرۆسیایە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی روسیا باسی لە کێشەکانی وزە و سووتەمەنی لە کریمیا کرد و بەڵێنی دا کە بە زیادکردنی گواستنەوەی سووتەمەنی لە رێگەی وشکانی و دەریاوە، ئەو قەیرانە چارەسەر بکەن.
ئەم لێدوانانەی پوتین لە کاتێکدایە سەرەڕای ئەوەی هێرشی درۆنەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوت و کێشەی دابینکردنی سووتەمەنی لە هەندێک ناوچە بەردەوامی هەیە.
PM:12:01:29/06/2026
ئهم بابهته 192
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت