بەحرەین: هێرشەکەی ئێران پێشێلکاریی سەروەری وڵاتەکەمانە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 27ی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی شانشینی بەحرەین، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە رێگەی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانییەوە کرایە سەر خاکی وڵاتەکەی.
وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین رایگەیاند، ئەم هێرشە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری وڵات و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی هاوڵاتیان، هەروەها بەزاندنی هەموو ئەو نەریت و پەیماننامە نێودەوڵەتییانەیە کە بەئامانجگرتنی شوێنە مەدەنییەکان قەدەخە دەکەن، مەننامە جەختی کردەوە کە ئێران بەرپرسیارە لە تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتی و پەیڕەوکردنی سیاسەتی ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە.
ئەم هێرشە درۆنییەی ئێران تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەندین پێگەی مووشەک و درۆن و راداری لە باشووری ئێران پێکاوە، وەک وەڵامێک بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بارهەڵگر لە گەرووی هورمز، چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە بە ئامانجگرتنی بەحرەین مەترسییەکی گەورەیە، چونکە ئەو وڵاتە مەڵبەندی فەرماندەیی دەریایی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین، ئێران بەم هەنگاوەی یاداشتی لێکگەیشتنی "ئیسلام ئاباد"ی پێشێل کردووە کە لە 17ی حوزەیرانی 2026 واژۆ کراوە و تێیدا تاران بەڵێنی راگرتنی کردەوە سەربازییەکانی دابوو، هەروەها ئاماژەی بە بڕیاری ژمارە 2817ی ئەنجومەنی ئاسایش کرد کە تاران پێشێلی کردووە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، بەحرەین جەختی کردەوە کە "تەواوی مافی رەوای خۆی هەیە بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری خۆی" و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بەرپرسیارێتی خۆی هەڵبگرێت و لێپرسینەوە لە ئێران وەک ئەنجامدەری هێرشەکە بکات.
PM:02:16:27/06/2026
ئهم بابهته 228
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت