ئێران: واشنتۆن پەیمانشکێنە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 27ی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کرد کە سوپای ئەمریکا ئێوارەی دوێنێ ئەنجامیدان بۆ سەر چەند خاڵێکی سەربازی لە کەناراوەکانی باشووری ئەو وڵاتە.
تاران ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوەکانی چاودێریی کەناراوەکان، پێشێلکردنی بەندی یەکەمی یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان هەردوولایە، هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئێران، واشنتۆنی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر لوبنان، کە ئەمەش بە وتەی ئەوان جارێکی دیکە پێشێلکردنی بەندی یەکەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیانە.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەو لێدانە بەرگرییانەی ئێران کردوویەتیە سەر ئەو ئامانجانەی پەیوەستن بە هێزەکانی ئەمریکاوە، پشت بە مافی رەسەنی وڵاتەکەمان دەبەستێت بۆ بەرگریکردن لە خۆمان، هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە ئێران بە هەموو هێزی خۆیەوە بەرگری لە سەروەریی وڵات، ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە هەڵوێستێکی بێباکانە بەرانبەر بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەلایەن ئەمریکاوە نەگرێتە بەر، هاوکات تاران واشنتۆنی بە پەیمانشکێن و بەرپرسیاری یەکەمی لێکەوتەکانی ئەم دۆخە و تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە ناوبرد.
AM:11:46:27/06/2026
ئهم بابهته 400
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت