شەوی رابردوو لەنێوان ئەمریکا و ئێران چی روویدا؟
وێستگەنیوز –
شەوی رابردووی 26ی حوزەیرانی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانیان هێرشێکی بەهێزیان کردووەتە سەر چەندین پێگەی سەربازیی ئێران لە ناوچەی گەرووی هورمز، بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، کۆگاکانی مووشەک، درۆن و بنکە رادارییەکانی کەناراوەکانی ئێران بۆردومان کراون.
ئەم هێرشەی واشنتۆن وەک وەڵامێکی راستەوخۆ دێت بۆ ئەو هێرشە درۆنییەی کە ئێران دوێنێ ئەنجامی دا بۆ سەر کەشتییەکی بارهەڵگری مەدەنی بە ناوی (M/V Ever Lovely) کە بە ئاڵای سەنگاپوورەوە لە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕی، کە ئەمریکا بە پێشێلکارییەکی روونی ئاگربەست وەسف دەکات.
لە بەرانبەردا بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا، هێزە دەریاییەکانیان چەند پێگەیەکی سەربازیی ئەو وڵاتەیان لە ناوچەی کەنداو بۆردومان کردووە، سوپای پاسداران هۆشداریشی داوە کە ئەگەر دەستدرێژییەکان دووبارە ببنەوە، وەڵامەکەیان زۆر فراوانتر دەبێت و جەختیان کردەوە کە کۆنترۆڵی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز لای ئەوانە.
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئێرانی بە بەرپرسیاری هێرشەکان و پێشێلکردنی رێککەوتنی هەفتەی رابردوو ناوبرد، هاوکات جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی رێزی لە رێککەوتنی ئاگربەست گرتووە، بەڵام جەختی کردەوە کە "توندوتیژی بە توندوتیژی وەڵام دەدرێتەوە" و ئەگەر تاران ناڕەزایەتی هەبوو دەبوو پەنا بۆ دیپلۆماسی ببات نەک هێرشی چەکداری.
لەسەر ئاستی ناوچەکە، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوای ئازادی بێ مەرجی هاتوچۆی دەریایییان کرد، بەڵام تاران جەخت دەکاتەوە کە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز تەنیا لە نێوان ئێران و عوماندایە و هۆشداریشی داوەتە وڵاتانی کەنداو کە لایەنگری واشنتۆن نەکەن.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە، ئیسرائیل و لوبنان رێککەوتنێکی چوارچێوەییان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا واژۆ کردووە، هەرچەندە حزبوڵڵا رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی نیشان نەداوە.
AM:08:47:27/06/2026
ئهم بابهته 440
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت