وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: قبووڵی ناکەین گەرووی هورمز ببێتە موڵکی هیچ وڵاتێک
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی حوزەیرانی 2026، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە شاری مەنامە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی سعوودیە و بەحرەین، چەند پەیامێکی توندی ئاراستەی ئێران کرد و رایگەیاند کە واشنتۆن رێگە نادات گەرووی هورمز ببێتە موڵکی هیچ وڵاتێک.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، گەرووی هورمز رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتییە و سەپاندنی باجی تێپەڕبوون تێیدا لەلایەن ئێرانەوە قبوڵنەکراوە، چونکە ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی لە هەموو جیهاندا.
سەبارەت بە دانوستانەکانی سویسرا و رێککەوتن لەگەڵ ئێران، رۆبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە لە هەر رێککەوتنێکدا بەرژەوەندی هاوبەشەکان و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا رەچاو بکرێت، وتیشی: "ئێمە رێککەوتنێکی باش و راستەقینەمان لەگەڵ ئێران دەوێت، بەڵام بەو مەرجەی بەرژەوەندی وڵاتانی کەنداو مسۆگەر بکات و رێگەش نەدرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".
مارکۆ رۆبیۆ باسی لەوەش کرد کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا پابەندە بەو ئاشتییەی کە ئاسایش و خۆشگوزەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ناوچەکە تێک نادات، هاوکات نرخاندنی خۆی بۆ هاوکارییە دێرینەکانی نێوان وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا دەربڕی.
لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هیوای خواست وتووێژەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل ئەنجامێکیان هەبێت و هەمووان بگەنە رێککەوتنێکی کۆتایی کە سەقامگیری ناوچەکە بپارێزێت.
AM:11:43:25/06/2026
ئهم بابهته 136
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت