ئەردۆغان: ئاشتی تەنیا بەسەرکەوتن بەسەر پیلانەکانی ئیسرائیلدا دێتەدی
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی حوزەیرانی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پەرلەمانیی حزبەکەیدا هێرشی توندی کردە سەر دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و رایگەیاند، ئیسرائیل بەرگەی هیچ جۆرە ئاشتییەک ناگرێت و لە ئێستادا لە بری عەقڵی دەوڵەت، لەلایەن گروپێکی توندڕەوی شێتبووەوە بەڕێوەدەچێت.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، لە ناو ئیسرائیلدا پێشبڕکێیەکی بەردەوام هەیە بۆ زیاتر کوشتنی خەڵک و بەکارهێنانی گوتاری کۆمەڵکوژی، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەگەر رۆژێک ئاشتی و ئارامی بێتە ناوچەکە، ئەوا سەرەڕای ئیسرائیل و فیتنەکانی دێتە دی و ئەو تۆڕی کوشتنە ناتوانێت رێگری لە دادپەروەری و سەقامگیری ناوچەکە بگرێت.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆک کۆماری تورکیا تیشکی خستە سەر هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی ناوچەکە و رایگەیاند: "رێگری لە فیتنەیەکی گەورە کرا کە دەکرا زیانێکی زۆر بە خوشک و برایانی کوردمان بگەیەنێت"، وتیشی: "لە داهاتوودا روونتر دەبێتەوە کە چەندە پیلانێکی خوێناوی و فێڵبازانەمان پێکەوە وەک تورک، کورد، عەرەب و فارس پووچەڵ کردووەتەوە".
سەبارەت بە پێگەی نێودەوڵەتی تورکیاش، ئەردۆغان دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی گەیشتووەتە ئاستێکی بەناوبانگ و قورسایی جیهانی کە پێشتر هەرگیز ئەزموونی نەکردووە، ئەوەش بەهۆی پەرەپێدانی سیاسەتی ژیرانە و خوێندنەوەی ورد بۆ گۆڕانکارییەکانی جیهان.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، ئەردۆغان باسی لە دیدگای ئاک پارتی کرد و وتی: "مانەوەمان لە دەسەڵات بۆ خزمەتکردنی وڵاتە نەک بۆ بەرژەوەندی کەسی و کورسی، راشیگەیاند کە ناچنە ناو مشتومڕە بێسوودەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بەردەوام دەبن لە گەشتەکەیان بۆ خزمەتکردنی 86 ملیۆن هاوڵاتی تورکیا بەبێ گوێدانە جیاوازیی نەتەوەیی و سیاسییان.
PM:01:27:24/06/2026
ئهم بابهته 100
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت