قالیباف: یاداشتی ئیسلام ئاباد شکستی ئەمریکای سەلماند


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی حوزەیرانی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە بیستەمین کۆبوونەوەی کۆنفرانسی یەکێتیی پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی (PUIC) لە باکو، زنجیرەیەک لێدوانی توندیدا و رایگەیاند، رێککەوتنی ئیسلام ئاباد راگەیاندراوی شکستی فەرمیی ئەمریکا بووە بەرانبەر بە ئیرادەی گەلی ئێران.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو جەنگە 40 رۆژەیەی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەسەر ئێراندا سەپێنرا، کارێکی تاوانکارانە بوو کە تێیدا رێبەری باڵای شۆڕش و ژمارەیەک بەرپرسی سەربازی و زیاتر لە 3000 هاوڵاتی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون شەهید کران، جگە لە برینداربوونی 30 هەزار کەس و وێرانکردنی ژێرخانی وزە و تەندروستی و پەروەردە".

قالیباف جەختی کردەوە، بەرگری گیانبازانەی هێزە چەکدارەکان و راوەستانی قارەمانانەی خەڵک لە شەقامەکاندا، وایکرد تێچوویەکی زۆر گەورە بکەوێتە سەر شانی ئەمریکا ئیسرائیل، ئەمەش وای کرد نەیاران لە گەیشتن بە ئامانجەکانی نائومێد بێت و لە مەیدانی خەبات و دانوستاندا تەسلیم ببێت.

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، سیاسەتی تاران لەسەر بنەمای دابینکردنی ئاسایش لەلایەن خودی وڵاتانی ناوچەکەوەیە، وتیشی: "ئێمە ئامادەین بۆ هاوکاری لەگەڵ دراوسێکانمان لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ"، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئاگربەست لە لوبنان بۆ ئەوان هەمان ئەو گرنگییەی هەیە کە ئاگربەست لە ناوخۆی ئێراندا هەیەتی.

لە کۆتایی قسەکانیدا، قالیباف باسی لەوە کرد کە تێگەیشتنی ئیسلام ئاباد لەئەنجامی فشارەوە نەبووە، بەڵکو بەرهەمی بەرگری و دەسەڵاتی گەلی ئێران بووە و نیشانیدا کە گفتوگۆ تەنها ئەو کاتە سەرکەوتوو دەبێت کە لایەنی بەرانبەر لە سەپاندنی ئیرادەی خۆی پاشەکشە بکات و دان بە مافەکانی گەلی ئێراندا بنێت.


AM:11:38:24/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت