نەتەوە یەکگرتووەکان: ئیسرائیل بە ئەنقەست منداڵانی فەلەستینی دەکوژێت و ئەشکەنجەیان دەدات
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی حوزەیرانی 2026، لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی سەربەخۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کرد کە ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوای غەزە، بەردەوامە لە جینۆساید وکردەی دژ بە مرۆڤایەتی.
لە راپۆرتەکەدا کە لە چوارچێوەی 62ـهەمین خولی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ لە جنێف بڵاوکرایەوە، هاتووە کە ئیسرائیل بە ئەنقەست منداڵانی فەلەستینی دەکاتە ئامانج، ئەمەش وەک نیشانەیەکی روون بۆ نییەتی لەناوبردنی تەواو یان بەشێکی فەلەستینییەکان هەژمار دەکرێت.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی لیژنەکە، منداڵانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا رووبەڕووی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەی سێکسی بوونەتەوە، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە سوپای ئیسرائیل بە ئەنقەست سەنتەرەکانی لەدایکبوونی کردووەتە ئامانج، کە ئەمە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر مانەوەی کۆرپەلەکان و داهاتووی گەشەی فەلەستینییەکان.
راپۆرتەکە جەختی کردووەتەوە کە سیاسەتی برسی کردن، گەمارۆدان و پەکخستنی کەرتی تەندروستی و پەروەردە، کاریگەریی جەستەیی و دەروونی قورسی لەسەر منداڵان جێهێشتووە کە لە ماوەی ژیانیاندا بەردەوام دەبێت و زۆربەی منداڵانی غەززە ئێستا بەدەست بێ باوک کەوتن، کەمئەندامی و کۆچی بەردەوامەوە دەناڵێنن.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، لیژنە نێودەوڵەتییەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بە ئەرکە یاساییەکانی خۆی هەستێت بۆ مسۆگەرکردنی لێپرسینەوە و کۆتاییهێنانی بەو دۆخە.
PM:01:41:23/06/2026
ئهم بابهته 216
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت