ئیسماعیل بەقایی: پارە بلۆککراوەکان لەبەردەستمانن و ئازادین چۆن خەرجی دەکەین
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە ئاژانسی ئەتۆمی، دانوستانەکانی سویسرا و پارە سڕکراوەکانی وڵاتەکەی روونکردەوە.
بەقایی بە توندی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە دیداری بەرپرسانی ئێران و رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەکەن و رایگەیاند، هیچ بەرنامەیەک بۆ پشکنینی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی کە زیانیان بەرکەوتووە لە ئارادا نییە، وتیشی: "ئێمە پابەندی رێککەوتننامەکانی پادمانین و رێڕەوی کارکردنمان لەم بوارەدا زۆر روونە".
سەبارەت بە دانوستانەکانی سویسرا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند کە کۆبوونەوەی چوارقۆڵی (ئێران، ئەمریکا و دوو ناوبژیوانەکە) بۆ ماوەی سەعات و نیوێک بەردەوام بووە، بەڵام دوای پشووەکە بەهۆی هەڕەشەکانی ئەمریکا کۆبوونەوەکە درێژەی پێنەدراوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆیان لەگەڵ ئەمریکا نییە و تەنها لە رێگەی ناوبژیوانە قەتەری و پاکستانییەکانەوە پەیامەکان دەگەیەنن.
وتبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران جەختی لەوە کردوو، کە راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر لوبنان بەشێکی دانەبڕاوە لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە و پابەندبوونی ئەمریکاش بۆ ئەم کارە روونە.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، بەقایی باسی لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران کرد و وتی: "ئەو پارانە ئێستا لەبەر دەستمانن و تەنها لەپێناو بەرژەوەندی نیشتمانی وڵات و بەو شێوەیەی خۆمان دەستنیشانی دەکەین خەرجیان دەکەین"، هەروەها رەخنەی لە بانگەشەکانی ئەمریکا گرت سەبارەت بە دیاریکردنی شێوازی خەرجکردنی ئەو پارانە و جەختی کردەوە کە هیچ سنووردارکردنێک لە کڕینی کاڵاکاندا قبوڵ ناکەن و خۆمان و ئازادین.
AM:11:27:23/06/2026
ئهم بابهته 372
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت