جۆزێف عۆن: هێرشەکانی ئیسرائیل هەوڵەکانی راگرتنی شەڕ دەکەنە ئامانج


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ هەینی 19ی حوزەیرانی 2026، جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان لە لێدوانێکدا هۆشداری دا لە پەرەسەندنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشووری لوبنان و بەقاع و رایگەیاند، ئەم فراوانبوونەی هێرشەکان ئاڵۆزییەکی مەترسیدارە و بە ئامانجی تێکدانی ئەو هەوڵانەیە کە بۆ چەسپاندنی راگرتنی تەقەکردن و کۆتاییهێنان بە شەڕ دەدرێن.


جۆزێف عۆن ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی روودەدات، بەڵام ئەمە نابێتە رێگر لە بەردەوامبوونی کارەکان بۆ گەیشتن بە راگرتنی گشتگیرانەی تەقەکردن لە زووترین کاتدا، جەختیشی کردەوە کە راگرتنی شەڕ دەبێت ببێتە دەروازەی سەرەکی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەسەر تەواوی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ناوبراو ئاشکرای کرد کە رێنمایی داوەتە شاندی دانوستانکار تاوەکو لەم بابەتەدا هیچ نەرمییەک نەنوێنن و وتی: "هەر گفتوگۆیەک لەسەر پرسەکانی دیکە، دەبێت دوای چەسپاندنی راگرتنی گشتگیرانەی تەقەکردن بێت".

هەروەها روونی کردەوە کە دۆسیەکانی وەک کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، بڵاوبوونەوەی سوپای لوبنان و گەڕانەوەی دیلەکان، لە قۆناغەکانی دوای راگرتنی شەڕ تاوتوێ دەکرێن، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدا دێن کە ئامانجیان بەدیهێنانی سەقامگیری و راگرتنی ئاڵۆزییەکانە لە ناوچەکەدا.


PM:03:54:19/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت