ناتانیاهۆ: ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەمێنێتەوە و باجێکی قورس لە حزبوڵڵا وەردەگرین


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ هەینی 19ی حوزەیرانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە نوێترین پەیامیدا هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە پەرەسەندنە سەربازییەکانی باشووری لوبنان خستە روو و رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل بە توندی وەڵامی هێرشەکانی حزبوڵڵا دەداتەوە.


ناتانیاهۆ سەرەتا سەرەخۆشی خۆی بۆ بنەماڵەی موقەدەم دۆر گادلیا بێن سیمهۆن، فەرماندەی گفعاتی 52ی زرێپۆش و سێ سەربازی دیکە دەربڕی کە لە شەڕەکانی دوێنێدا کوژراون، هیوای چاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکان خواست.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، حزبوڵڵای بە پێشێلکردنی ئاشکرای رێککەوتنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد و وتی: "شەوی رابردوو فەرمانم بە سوپای ئیسرائیل کرد بە تەواوی هێزەوە لە حزبوڵڵا بدەن، لەو چوارچێوەیەشدا هێرش کراوەتە سەر زیاتر لە 80 ئامانج و دەیان چەکدار لەناو براون، هەروەها بەیانی ئەمڕۆش بارەگاکانی ئەو حزبە لە دەشتی بیقاع کراونەتە ئامانج".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد، لەگەڵ وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی گشتی هەڵسەنگاندنیان بۆ بارودۆخەکە کردووە و رێنماییەکانی بۆ سوپا زۆر روونن، ئەویش ئەوەیە کە ئیسرائیل بەرگەی هیچ هێرشێک بۆ سەر خاک و سەربازەکانی ناگرێت و باجێکی قورس لە حزبوڵڵا وەردەگرن.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ناتانیاهۆ دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل لە ناوچەی ئەمنی لە باشووری لوبنان دەمێنێتەوە و کشانەوە لە ئارادا نییە، تا ئەو کاتەی دڵنیا دەبنەوە کە مەترسی لەسەر نشینگەکانی باکووری وڵاتەکەی نەماوە.


PM:03:18:19/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت