ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان چڕکردەوە
وێستگەنیوز –
لە بەیانی ئەمڕۆ هەینی، 19ی حوزەیرانی 2026، سوپای ئیسرائیل شەپۆلێکی نوێی هێرشە توندەکانی بۆ سەر شاری نەباتیە و چەند ناوچەیەکی جیاواز لە باشووری لوبنان دەستپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامییان هەیە.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە نوێترین راگەیەندراویدا ئاماری قوربانیانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردومانە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گوند و شارۆچکەکانی باشووری وڵات، 18 کەس گیانیان لەدەستداوە و 33 کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە باس لە رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران دەکرا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە تەواوی بەرەکاندا.
لە بەرانبەردا، سوپای ئیسرائیل دانی بەوەدا نا کە لە جەنگەکانی باشووری لوبناندا 4 سەربازیان کوژراون، کە یەکێکیان پلەی فەرماندەی کەتیبەی 52ی لیوای بژاردەی گفعاتی هەبووە.
لەسەر ئاستی سیاسی، ناڕەزایەتییەکانی ئەمریکا بەرانبەر بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵا زیادیان کردووە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە ئەگەر ترەمپ لە دەسەڵاتی لە ئیسرائیلدا هەبوایە رێگری لەم هێرشانە دەکرد.
ئەم لێدوانانە کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە و ئیتامار بن گیڤەر، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل وەڵامی ڤانسی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، هەر کەسێک پشتیان تێبکات زیانی پێدەگات، هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووبارە جەختی کردەوە کە تاوەکو ئاسایشی وڵاتەکەی بەتەواوی پارێزراو نەبێت، سوپاکەیان لە ناوچەکانی لوبنان ناکشێتەوە.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی سەر سنووری نێوان هەردوو وڵات بە شێوەیەکی مەترسیدار رووی لە زیادبوون کردووە و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە تا ئێستا ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە.
AM:10:08:19/06/2026
ئهم بابهته 440
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت