جەی دی ڤانس: هیچ سزایەک هەڵناگرین تا ئێران ئەرکەکانی بەپێی رێککەوتننامەکە جێبەجێ نەکات
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی حوزەیرانی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "پێویستە ئێران ئەو کارەی کە لێی داواکراوە پێشکەشی بکات بۆ ئەوەی بگاتە ئیمتیازە ئابوورییەکان، شەوی رابردوو 12.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ بازارەکان رەوانە کراون".
ئاماژەی بەوەکرد، "ماوەی 60 رۆژی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بە فەرمی دەستیپێکرد، ئێرانییەکان درک بەوە دەکەن کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کارتی فشاری بەدەستەوەیە، بۆیە ئێران ناتوانێت مووشەک دروست بکات".
جێگری سەرۆکی ئەمریکا وتی، "پێمانوایە لە چوارچێوەی رێککەوتنی کۆتاییدا، ئێران نابێتە خاوەنی مووشەکێک کە هەڕەشە لە جیهان بکات".
وتیشی، "توانای ئێران بۆ هەڕەشەکردن لە دراوسێکانی بۆ هەمیشە لەناوچوو"، جەختی لەوەشکردەوە، "دەمانەوێت عاقڵمەندەکان لە ئێراندا سەرکەون لەبری توندڕەوەکان".
ڤانس باسی لەوەشکرد، "کۆتایی بە گەمارۆی ئابووریی سەر ئێران ناهێنین پێش گۆڕینی رەفتارەکانی، هەروەها بەیەکجاری هیچ سزایەک هەڵناگرین تا ئێران ئەرکەکانی بەپێی رێککەوتننامەکە جێبەجێ نەکات، بەڵام دەتوانین بۆ ماوەیەکی کاتی سزاکانی سەر ئێران لاببەین بەبێ ئەوەی پێویستمان بە رەزامەندی کۆنگرێس هەبێت".
وەک ڤانس باسی لێوەکرد، "ئەگەر ئێران پابەندی ئەو رێککەوتنە بێت، ئەمە شتێکی گرنگ دەبێت بۆ کوردیش".
راشیگەیاند، "چاوەڕوان دەکەین لە حزبوڵڵا کە مووشەک و درۆن ئاراستەی ئیسرائیل نەکات و لە ئیسرائیلیش چاوەڕوان دەکەین کە کۆتایی بە پێشێلکاری و سەرکێشییەکانی بهێنێت لە لوبناندا، چونکە سەرۆک ترەمپ هەستی بە نیگەرانی و بێزاری کردووە بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت".
ئاماژەی بەوەشدا، "ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام دەبێت ڕێز لە پرۆسەی ئاشتی بگرێت".
PM:07:10:18/06/2026
ئهم بابهته 296
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت