ترەمپ: رێککەوتنەکەمان لەگەڵ ئێران زۆرباشە و نرخی سوتەمەنی دادەبەزێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پەیامیدا دەربارەی نوێترین پێشهاتەکانی پەیوەندی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران رایگەیاند، کە رێککەوتنەکە کارێکی زۆرباشە و کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازارەکانی جیهان دەبێت.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێستا بەشێکی گەرووی هورمز کراوەتەوە و بڕیار وایە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا بە تەواوی گەرووەکە بە رووی هاتوچۆدا بکرێتەوە، راشیگەیاند کە واشنتۆن نابێتە رێگر لەبەردەم ئەو لایەنانەی دەیانەوێت لە ناو خاکی ئێراندا وەبەرهێنان ئەنجام بدەن.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، کە لەم رێککەوتنەدا باس لە پێدانی هیچ بڕە پارەیەک بە تاران نەکراوە، بە پێچەوانەی سەردەمی ئۆباما کە بە وتەی ئەو، ئێرانییەکان فێڵیان لێکردووە و ملیارەها دۆلاریان دەستکەوتووە، وتیشی: "بە واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە، نرخی نەوت و سوتەمەنی لە جیهاندا دادەبەزێت".
لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ هۆشداری دا کە ئەگەر ئێرانییەکان پابەندی ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنەکە نەبن، ئەوا هێرشەکانیان دەستپێدەکەنەوە، دووپاتیشی کردەوە کە رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام سزاکانی سەر ئەو وڵاتەش دەستبەجێ کەم ناکرێنەوە، چونکە ئەم رێککەوتنە لە ئێستادا تەنها وەک لێکتێگەیشتنێکە.
PM:02:42:17/06/2026
ئهم بابهته 192
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت