جەی دی ڤانس: ئامانجی ئێمە گۆڕینی رەفتار و تێکشکاندنی هێزی ئێرانە لە ناوچەکەدا


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چەند زانیارییەکی نوێی لەسەر دیدگای ئیدارەی داهاتووی وڵاتەکەی بۆ پرسی ئێران و پەیوەندییەکانی ناوچەکە ئاشکرا کرد.

جەی دی ڤانس ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتێکدا زۆر کەس سەرنجیان لەسەر گۆڕینی دەسەڵات بووە لە ئێران، بەڵام دۆناڵد ترەمپ هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەوان تێکشکاندنی تواناکانی تارانە بۆ نیشاندانی هێز لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سەبارەت بە بڵاونەکردنەوەی دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکان، ڤانس روونی کردەوە کە هەندێک لە نێوەندگیرەکانیان، بەتایبەت وڵاتانی پاکستان و قەتەر، داوایان لێکردوون ئەم بابەتە بە رێزێکی گونجاو و قۆناغ بە قۆناغ رێکبخرێت، ئەوەش بەهۆی هەبوونی هەستیاری لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا کە ئەمریکا دەیەوێت رەچاوی بکات.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا، تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی سعودیە و وتی، "سعودیە پێشتر وەک وڵاتێک دەبینرا کە پەیوەستە بە بڵاوبوونەوەی توندڕەوی، بەڵام دوای ئەوەی بە تەواوی کۆتایی بەو دۆخە هێنا و وڵاتەکەی گۆڕی، ئێستا بووەتە هاوبەشێکی نزیکی ئەمریکا".

لە کۆتایی قسەکانیدا جەی دی ڤانس جەختی کردەوە، ئەگەر ئێران ئامادە بێت رەفتاری خۆی بگۆڕێت بەو شێوەیەی کە سعودییەکان ئەنجامیان دا، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیەوێت ئێران وەک وڵاتێکی سەرکەوتوو لە ناوچەکەدا دەربکەوێت.


AM:09:12:17/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت