عەباس عەراقچی: هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان وەک پێشێلکردنی دانوستانەکان دەبینرێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026، عەباس عەراقچی، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتان لە تاران رایگەیاند، گەورەترین دەستکەوتی قۆناغی یەکەمی دانوستان، راگەیاندنی کۆتاییهاتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی جەنگە لە هەموو بەرەکانی شەڕدا، کە لە بەیانی رۆژی دووشەممەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.


وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە بەرەی ئێران و لوبنان پێکەوە بەستراون، بۆیە کۆتاییهاتنی جەنگ بە شێوەیەکی بنبڕ بەرەی لوبنانیش دەگرێتەوە و هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە وەک پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکان دەبینرێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا لایەنێکی سەرەکی ئەم لێکتێگەیشتننامەیەیە.

عەراقچی ئاشکرای کرد، دوای سێ مانگ لە گفتوگۆ، رۆژی هەینی خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سویسرا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی دەستپێدەکات، روونیشیکردەوە کە بەهۆی هەندێک ئاڵۆزییەوە، دانوستانەکانیان بۆ دوو قۆناغ دابەش کردووە؛ قۆناغی یەکەم تایبەت بووە بە کۆتاییهێنان بە جەنگ، کێشەکانی گەرووی هورمز، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان و ئاوەدانکردنەوە، بڕیاریشە لە ماوەی 60 رۆژی داهاتوودا دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان بەردەوام بن.

سەبارەت بە زیانە ناوخۆییەکانی جەنگ، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە 50 هەزار دۆسیەی زیانگەیشتن بە یەکەکانی نیشتەجێبوون تۆمارکراوە، حکومەتی ئەو وڵاتەش دەستی کردووە بە دابینکردنی هاوکاری بۆ کرێی خانوو و دابەشکردنی شارکارت بە بڕی 100 بۆ 400 ملیۆن تمەن، تاوەکو دەرفەتی نیشتەجێبوونی کاتی و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ خێزانە زیانلێکەوتووەکان فەراهەم ببێت.


AM:11:14:16/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو