جەی دی ڤانس: ئەگەر ئێران پابەند نەبێت ترەمپ دوودڵ نابێت لەهێرشکردنە سەری
وێستگەنیوز-
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، ناتوانرێت پێشبینی رەفتارەکانی تاران بکرێت و وڵاتانی کەنداویش بە گومانەوە دەرواننە هەنگاوەکانی ئەو وڵاتە، سەرەڕای ئەوەی دەرفەتێک بۆ بەدیهێنانی سەقامگیرییەکی هەرێمی گەورەتر لە ئارادایە.
ڤانس ئاماژەی بەوە کرد، هاوپەیمانەکانی واشنتۆن لە کەنداو دڵنیا نین و ناتوانن پێشبینی ئەوە بکەن کە ئێرانییەکان لە پێنج ساڵی داهاتوودا چی دەکەن، بەڵام ئێستا دەرفەتێکی راستەقینە دەبینن، بۆیە ئەمریکا بەو رێگەیەدا دەروات تاوەکو بزانێت تاران تا چەند لە بەڵێنەکانی جیدییە.
سەبارەت بە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکان لە لایەن تارانەوە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە کە لەو حاڵەتەدا ئێران هەموو ئەو ئیمتیازاتانە لەدەست دەدات کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشکەشی کردوون و وەک دۆناڵد ترەمپ دەڵێت "هەموو کارتەکان لە دەستی ئەمریکادایە"، بەوەش ئابووری ئێران لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەمێنێتەوە.
جەی دی ڤانس جەختی لەوەش کردەوە کە کاردانەوەکانی ترەمپ رەنگە نوێبوونەوەی هێرشی سەربازی و بۆردومانەکانیش بگرێتەوە و گوتی، "من لە مێژەوە سەرۆک ترەمپ دەناسم، پێموایە ئەو دوودڵ نابێت لە دەستپێکردنەوەی بۆردومانەکان یان گەڕانەوەی گەمارۆکان ئەگەر ئێران پابەندی رێککەوتنەکان نەبێت".
لە کۆتایی قسەکانیدا، ڤانس ئاشکرای کرد کە ئامانجی کۆتایی ترەمپ رووخاندنی رژێم نییە، بەڵکو تەنها گۆڕینی رەفتاری تارانە و دەیەوێت ئێران وەک وڵاتێکی ئاسایی مامەڵە بکات و لەسەر ئەو بنەمایە رەفتار بکات.
AM:08:33:16/06/2026
ئهم بابهته 480
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت