نەتانیاهۆ داوای کۆبوونەوەی بەپەلە لەگەڵ ترەمپ دەکات
وێستگەنیوز-
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دوای کۆتاییهاتنی لووتکەی جی حەوت (G7)، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەم هەوڵە لە کاتێکدایە کە واشنتۆن و تەلئەبیب لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران و پرسی ئاگربەست لە لوبنان، تووشی جیاوازیی قووڵ بوون.
بەپێی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن، کە پشت بە سەرچاوە ئیسرائیلییەکان دەبەستێت، نەتانیاهۆ دەیەوێت دەستبەجێ دوای گەڕانەوەی ترەمپ لە ئەوروپا بیبینێت، تاوەکو هەڵوێست و نیگەرانییەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە بە روونی پێ بگەیەنێت.
گرژی لە پەیوەندییەکاندا و ودواین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت، بووەتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی نەرێنی لە نێوان هەردوو سەرکردەکە، ترەمپ بە ئاشکرا رەخنەی لەو هێرشانە گرتووە و بە کارێکی نەخوازراو وەسفی کردوون، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ نیویۆرک تایمز، نەتانیاهۆی بە پیاوێکی زۆر سەرسەخت ناوبردووە و رایگەیاندووە کە پێویستە ئیسرائیل سوپاسگوزاری ئەمریکا بێت، چونکە ئەگەر بەهۆی دیپلۆماسیی ئەوانەوە نەبووایە و ئێران چەکی ئەتۆمی هەبووایە، ئیسرائیل بۆ ماوەی دوو کاتژمێریش بەرگەی نەدەگرت.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە واشنتۆن و تاران گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و درێژکردنەوەی ئاگربەست بڕیارە رۆژی هەینی، 19ی حوزەیرانی 2026، رێوڕەسمی واژۆکردنی ئەو رێککەوتنە لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەبچێت، ئیسرائیل کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەشدار نییە لەم رێککەوتنەدا، دڵەڕاوکێی زۆری هەیە و نەتانیاهۆ دەیەوێت دڵنیابێتەوە کە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانیان لە ناوچەکەدا پارێزراو دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ هۆشداری داوە کە ئەگەر ئێران نەگاتە رێککەوتنی کۆتایی، ئەوا رەنگە بژاردەی سەربازی دەستپێ بکاتەوە، یان ئەمریکا ببێتە پارێزەری ناوچەکە بەرانبەر بە وەرگرتنی لەسەدا 20ی داهاتی ناوچەکە، ئەم دۆخە لوبنانیشی گرتووەتەوە، کە تێیدا ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا وەک بەربەستێکی سەرەکی لەبەردەم جێبەجێکردنی تەواوەتی رێککەوتنەکان دەبینرێت.
AM:09:03:15/06/2026
ئهم بابهته 300
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت