شەهباز شەریف: لە ماوەی 24 کاتژمێردا رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئەمریکا و ئێران واژۆ دەکرێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 13ی حوزەیرانی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، پرۆسەی گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و لە هەموو کاتێک زیاتر لە واژۆکردنی نزیکن، ئاماژەی بەوە کرد، "پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا داڕشتنی کۆتایی رێککەوتنەکە تەواو ببێت و راستەوخۆ دوای ئەوە، پاکستان ئامادەکاری دەکات بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی".


هەروەها شەهباز شەریف روونی کردەوە، دوای واژۆکردنی رێککەوتنە مێژووییەکە، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا گفتوگۆکان لەسەر ئاستی تەکنیکی لە نێوان هەردوولادا دەستپێبکەن بۆ تەواوکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک وەزیرانی پاکستان سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد بۆ پابەندبوونیان لە ماوەی دانوستانەکاندا، هاوکات پێزانینی خۆی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کرد کە پاڵپشت و هاوکار بوون بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە.


لە کۆتاییدا شەهباز شەریف گەشبینی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، کە ئەم رێککەوتنە مێژووییەی ئاشتی دەبێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.


PM:02:34:13/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت