وەزیری پێشووی بەرگری ئیسرائیل: رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ تاران و بۆ ئێمەش کارەساتە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 13ی حوزەیرانی 2026، ئەڤیگدۆر لیبەرمان، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل و رێبەری پارتی ئیسرائیل ماڵمانە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس هێرشێکی توندی کردە سەر رێککەوتنی ئەگەریی نێوان ئەمریکا و ئێران و بە کارەسات وەسفی کرد.
ئەڤیگدۆر لیبەرمان ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەو رێککەوتنەی چاوەڕوان دەکرێت لە نێوان واشنتۆن و تاران واژۆ بکرێت، سەرکەوتنێکی رەها و تەواوە بۆ ئایەتوڵاکانی ئێران، بەڵام لە روانگەی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلەوە کارەساتێکی گەورەیە".
ئەو بەرپرسە پێشووەی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی بە بەرپرسی یەکەم دەزانێت و رایگەیاندووە، "سەدا سەدی بەرپرسیارێتی" رێککەوتنێکی لەو شێوەیە لە ئەستۆی نەتانیاهۆدایە.
ئەم لێدوانانەی لیبەرمان لە کاتێکدایە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئێستای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، "دۆناڵد ترەمپ لە روانگەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاوە هەوڵ دەدات بگاتە رێککەوتن لەگەڵ ئێران".
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختیشی کردبووەوە، "وێڕای هەوڵەکانی ترەمپ، دەبێت ئیسرائیل گەرەنتی ئەوە بکات کە دەتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ پشت بەستن بە لایەنی دەرەکی، رێگری لەوە بکات کە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری پێویست بکات".
PM:02:05:13/06/2026
ئهم بابهته 420
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت