لوتکەی گرووپی حەوت (G7) بەئامادەبوونی ترەمپ بەڕێوەدەچێت


وێستگەنیوز-

بڕیارە لە 15 بۆ 17ـی ئەم مانگە، سەرکردەکانی وڵاتانی (فەرەنسا، بەریتانیا، کەنەدا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و ئەمریکا) پێکەوە لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا لە هاوینەهەواری ئیڤیان لێ بان لە فەرەنسا کۆببنەوە.


دیارترین بابەتی گفتوگۆکانی ئەم لوتکەیە بریتین لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ جەنگی روسیا و ئۆکرانیا، کە چاوەڕوان دەکرێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زاڵ بێت بەسەر چالاکییەکانی کۆبوونەوەکەدا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسێکی ئەمریکی، ترەمپ لە میانی کۆبوونەوەکانی وڵاتانی (G7) داوا دەکات چاودێرییەکان لە گەرووی هورمز چڕتر بکرێنەوە بۆ دەستەبەرکردنی پابەندبوونی ئێران، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە سووککردنی سزاکانی سەر تاران بەستراوەتەوە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و راگرتنی هاوکارییە داراییەکانی بۆ گروپە چەکدارەکانی وەک حزبوڵڵا.

ئەم لوتکەیە یەکەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی گەورەیە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ی شوباتدا، کە بووە هۆی زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا، هاوکات سەرکردە ئەوروپییەکان هەوڵ دەدەن لەم کۆبوونەوەیەدا گوڕوتین بۆ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتۆن بگەڕێننەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڤلادیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئامادەی لوتکەکە دەبێت و سەرکردەکان هەوڵ دەدەن هەڵوێستێکی یەکگرتوو گەڵاڵە بکەن بۆ ناچارکردنی روسیا بۆ هاتنە سەر مێزی دانوستان و کۆتاییهێنان بە جەنگی چوار ساڵەی ئۆکرانیا، بەرپرسێکی سەرۆکایەتی فەرەنساش رایگەیاندووە، هیچ سازشێک پێشکەشی روسەکان ناکرێت بۆ لادانی سزاکان.

جگە لە پرسە سیاسییەکان، بابەتەکانی وەک بازرگانی جیهانی و رێکخستنی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆجیا بۆ پاراستنی منداڵان لە فەزای دیجیتاڵیدا تاوتوێ دەکرێن، چین وەک غایبێکی گەورەی لوتکەکە دەبینرێت، بەڵام بڕیارە ماکرۆن لوتکەیەکی ڤیدیۆیی بە بەشداری چین و چەند ئابوورییەکی نوێی جیهان لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا ساز بکات.


PM:01:40:13/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت